فەرەنسا: نێوەندگیریمان لەنێوان کوردانی سووریا و عێراق کردووە تاوەکوو پێکەوە بەهێز بن

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا جەخت لەوە دەکاتەوە، دەستبەرداری کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان نابن و دەشڵێت: نێوەندگیریمان لەنێوان کوردانی سووریا و عێراق کردووە تاوەکوو پێکەوە بەهێز بن.
ژان نۆیێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە میانی بەشداریی لە دانیشتنێکی پەرلەمانی فەرەنسا، لەبارەی دۆخی سووریا، چارەنووسی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕی دژی داعش، گوتارێکی پێشکەش کرد.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەبارەی پەیوەندیی وڵاتەکەی لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، گوتی: "کورد هاوپەیمانی دڵسۆزی ئێمەن، لە شەڕدا برای ئێمەن و دەستبەرداریان نابین؛ لەگەڵ هاوپەیمانە کوردەکانمان شەڕی داعشمان کرد."
لەبارەی شەڕی نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، ژان نۆیێل بارۆ، گوتی: "لە کاتژمێرەکانی یەکەمی کەوتنی بەشار ئەسەد، داوام لە تورکیا و دیمەشق کرد ئاگربەست لە کۆبانێ ڕابگەیەنن، تاوەکوو گرژی و ئاڵۆزی ڕوو نەدات. لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هاوکات لەگەڵ شەڕی دژی داعش، کوردەکان بە شێوەیەکی قارەمانانە پارێزگارییان لەو زیندانانە کرد کە دەیان هەزار تیرۆریستیان تێدایە. لەبەر ئەمە نێوەندگیریمان لەنێوان جەنەراڵ مەزڵووم عەبدی و دەسەڵاتی ڕاگوزەری سووریا کرد."
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پەیوەندیی نێوان کوردانی ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان کرد: "بەم دواییانە نێوەندگیریمان لەنێوان کوردانی سووریا و عێراقدا کردووە تاوەکوو پێکەوە بەهێز بن . لە 13ـی شوباتی ئەمساڵ، کورد لە کۆنگرەی پاریس ئامادە دەبن تاوەکوو داواکارییەکانیان بگەیەنن."