بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا چەند بڕیارێکی بۆ ڕێکخستنەوەی میلاک و بواری وەزیفی گشتیی 2025 دەرکرد و، هەروەها ئەنجوومەنەکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بێت لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدڕاڵی.
چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێک بۆ ڕێکخستنەوەی میلاک و بواری وەزیفی گشتی دا
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار، ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەرێم تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو، هەر لەمبارەیەوە و لە پێناو زامنکردنی بەردەوامبوونی ئەم ڕێککەوتنە، چەند پێشنیارێک خرانەڕوو بۆ ڕێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتیی بۆ ساڵی 2025 لە بەر ڕۆشنایی دوا ڕێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێم.
ئەنجوومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بڕیاری پەسەندکردنی سەرجەم ئەو پێشنیارانەی دا کە لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، لە پێناو زامنکردنی مووچەی هەر دوانزدە مانگی ساڵی 2025 و نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانوویەکی تەکنیکی بۆ ڕێگریی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
خانەنشینانی سەربازیی و شایستەی کەسوکاری شەهیدان خرانە سەر بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینیی وەزارەتی دارایی
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری پەسەندکردن و پابەندبوونی بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 دا بە گوێرەی ئەو ژمارە و خەرجییانەی لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو.
هەروەها بڕیاردرا بە پەسەندکردنی ڕێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە و سەربازیی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری وەک لایەنی تایبەتمەند بە خانەنشینی لە سەرتاسەری هەرێم .
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاسپێردرا تا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە پەیوەندیدا بێت بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت
لە بڕگەی دووەمدا، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بوودجەی عێراقی فیدڕاڵ کرد تایبەت بە ماددەی 12 لە یاساکە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەموارکردنەوەی یاساکە دەکات و بەهەنگاوێکی گرنگی لە قەڵەمدا بە ئاراستەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم کە بەهۆی ڕاگرتنیەوە، زیانێکی زۆر بەر بودجەی گشتیی کەوتووە.
ئەنجوومەنەکە وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندیی خۆی بە هەمواری یاساکە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپارد، کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، تا لە زووترین کاتدا، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە لایەن سۆمۆ دەست پێ بکاتەوە و داهاتەکەشی بخرێتەوە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدڕاڵی.
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕاسپێدرا داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی یەک ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بکات
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025 کرا و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ناردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵ بۆ مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2025 بۆسەر حیسابی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ لە چەند ڕۆژی داهاتوو.
هەروەها سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵ و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی فیدڕاڵ و وەزیرە کوردەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵیشی کرد، بۆ ڕۆلیان لە گەیشتنن بەم ڕێککەوتنە لە بارەی بودجە و هەروەها هەموارکردنی یاسای بودجەی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم.