یەکێتیی ئەورووپا: غەززە بەشێکی دانەبڕاو دەبێت لە دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین

یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند: چارەسەری دوو دەوڵەت تاکە ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین. جەختی لەوەش کردەوە، غەززە بەشێکی دانەبڕاو دەبێت لە دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین.
چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، گوتەبێژی یەکێتیی ئەوروپا، گوتی: ئاگاداری پێشنیازی ترەمپین لەبارەی چۆڵکردنی غەززە و ڕاگواستنی خەڵکەکەی، بەڵام چارەسەری دوو دەوڵەت تاکە ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە ئاشتی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە دا، غەززە بەشێکی دانەبڕاو دەبێت لە دەوڵەتی داهاتووی فەڵەستین
ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ پێشنیازی کردووە، تاوەکو ئەو کاتەی غەززە بنیاددەنێنەوە، دانیشتووانەکەی بۆ میسر و ئوردن بگوازرێنەوە. ئەمەریکاش کەرتی غەززە کۆنترۆڵ بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا جگە لە ئیسرائیل هیچ وڵاتێک پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمەریکایان پەسەند نەکردووە.