گەڕاندنەوەی پەنابەران کەمپی هۆل بۆ جەدعەی نەینەوا بە مەترسی دەزانرێت

بەشێکی پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئەمنیی عێراق لە مەترسی گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی کەمپی هۆل بۆ عێراق، کەم دەکەنەوە و جەخت دەکەنەوە هەموو شتێک لە ژێر چاودێریدایە، بەڵام پسپۆڕانی ئەمنیی گەڕاندنەوەی ئەو خێزانانە بە مەترسیی بۆ سەر داهاتووی عێراق ناو دەبەن، چونکە منداڵەکانیان بە ئایدیای توندڕەوی گەورە دەکەن و لە داهاتوودا هاوشێوەی داعش هەڕەشە لە سەقامگیریی عێراق دەکەن.
محەممەد تەقی ئامرلی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "نامانەوێت ئەو خێزانانە پشتگوێ بخرێن، ئێمە داعشەکان دەناسین و سازشیان لەگەڵ ناکەین، من لەگەڵ ڕێکارەکانی حکوومەتم بۆ هێشتنەوەی ئەو خێزانانە لە ژێر چاودێریی دەوڵەت. ئەو خێزانانە تیرۆر دەناسن و لێی دەترسن، پێم وایە ئەم کێشەیە چارە دەکرێت."
ئەسیر شەرع، پسپۆڕی ئەمنیی دەڵێت: بۆچوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتان لەگەڵ بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراق بۆ گەڕاندنەوەی خانەوادەی چەکدارانی داعش، جیاوازە. دەشڵێت: ڕێکخستنەکانی داعش لە نێو خێزانەکانیاندا لە کەمپی جەدعە، هێشتا چالاکن، بۆیە گەڕاندنەوەیان مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعشی لێ دەکرێت.
مەترسی لەداهاتوو، بووەتە دروشمی بەشێکی زۆر لەچاودێران و ڕێکخراوەکان کاتێک باس دێتە سەر ئاوارەکانی کەمپی هۆل، ترس لەو ئافرەت و کەسوکارانەی داعش، بەجۆرێکە، هەندێک ناویان ناوە بۆمبی چێندراو.