هەولێر و بەغدا دەست بە گفتوگۆکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکەن

هەردوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەست بە گفتوگۆکانی تایبەت هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن.
پێنجشەممە، 06-02-2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "لە کۆتا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری بە وەکالەتی سامانە سروشتییەکانی ڕاسپاردووە، ئامادەکاریی بکەن بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، کۆمپانیای سۆمۆ و کۆمپانیا نەوتییە بەرهەمهێنەرەکان لە هەرێم، بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان."
هەمان سەرچاوە بە کوردستان24ی گوت: "بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان، چاوەڕێی وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقین، جارێ دیار نییە شاندی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا یان شاندی ئەوان دێتە هەولێر؛ بەڵام هەفتەی داهاتوو پێشهاتی نوێ لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەبیستن."
سەرچاوەکە، ئەوەشی خستە ڕوو "حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە زووترین کاتدا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت و پابەند بە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە دەبێت، هاوکات داهاتەکەشی دەخرێتە خزمەتی خەزێنەی گشتیی فیدراڵی."
ڕۆژی یەکشەممەش، 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دا.
وردەکاری هەموارەکە ئەم بڕگانە لەخۆ دەگرێت:
1- وەزارەتی دارایی فیدراڵی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو بکاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت کە لەلایەن کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ەوە وەردەگیرێت، یان وەزارەتی فیدراڵی لە… نەوت بەپێی بڕگەکانی (ئ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە، بەمەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا حیسابی بۆ بکرێت، لەلایەن دەزگایەکی ڕاوێژکاریی تەکنیکیی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم دەستنیشانی دەکات، لە ماوەی (60) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە و لە ئەگەری ناکۆکی لە ماوەی ئەو ماوەیەی پێشوودا، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دەستەی ڕاوێژکاریە دیاری دەکات.
2- ئەو ڕاوێژکارییەی لە بڕگەی پێشوودا ئاماژەی پێ کراوە، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پەسەند دەکرێت و حیسابکردنی قەرەبووی پێشوو دەبێت لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلەکانی وەرگیراو بەپێی بڕگەکانی (ئ) و (ب)، لەم بڕگەیە، و وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکوومەتی هەرێم.
3- دەستبەجێ دەست بە گەیاندنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی بڕگەی (ئ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە و، قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشێوەی سولفە بە تێکڕای (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە دواتر چارەسەر دەكرێت دوای تەواوبونی كاری راوێژكاری تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باس كراوە.