مۆبایلەکەی کۆڤان دەنگی هاووڵاتییان دەگەیەنێتە لایەنی بەرپرس

گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی کوردستان24 ئێستە بە شێوازێکی نوێ لەلایەن 'کۆڤان عیززەت'ـەوە پێشکەش دەکرێت و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە پلاتفۆرمە جیاوازەکانی کوردستان24 لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەخش دەکرێت.
کۆڤان، لەم گەشتە هەواڵییەدا کە ڕۆژانی شەممە تاوەکوو چوارشەممە، پێشکەشی دەکات؛ داواکاری و دەنگی هاووڵاتییان بە بەرپرس و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگەیەنێت و وردەکاریی و ڕاستی ڕووداوەکانیش بۆ بینەر و بیسەرانی کوردستان24، دەخاتە بەرباس.
بابەتەکە لەوە دەرچووە، پێشوەختە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی بەرپرس بکرێت و بهێنرێتە ستۆدیۆی هەواڵ، کۆڤان چاوەڕێ ناکات، هەر لە ناو گەشتە هەواڵییەکەدا، بە مۆبایلەکەی پەیوەندی بە بەرپرسانەوە دەکات و دەنگ و داواکاریی هاووڵاتییانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
هەر چەندە ئەم گەشتە هەواڵییەی کوردستان24 چەند ڕۆژێکە بە ستایلە نوێیەکەیەوە دەستی پێ کردووە، بەڵام کاردانەوەیەکی زۆری لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەدوای خۆیدا هێناوە و ڤیدیۆکانی ملیۆنان بینەریان هەبووە؛ بەوپێیەی ئامانجی یەکەمی کۆڤان و هاوکارانی، چارەکردنی کێشەی هاووڵاتییانە.
هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەی ژمارە مۆبایلی: 07505542424 دەنگ و داواکاریی خۆیان بگەیەنە کوردستان24 و دواتر بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
کۆڤان، لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 06:00، دەنگی هەزاران پێشمەرگەی گەیاندە وەزارەتی پێشمەرگە کە داوایان کردبوو کێشەی زیادبوونی پێشینەی خانووبەرەیان بۆ چارە بکرێت. لیوا توانا سدیق، بەڕێوبەری ژمێریاریی وەزارەتە، بەڵێنی چارەکردنی کێشەکەی بە کۆڤان دا و جەختی کردەوە بۆ ئەو مەبەستە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەکەن.
هەر لەمیانی ئەو گەشتە هەواڵییەدا، کۆڤان، زانیاریی نوێی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆر و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە ژمارەیەک سەرچاوەی باوەڕپێکراو لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی، لە ڕێگەی پرۆژەی "هەژماری من"ـەوە بۆ بینەران خستە ڕوو.
یەکێک لەو ڕووداوانەی بەم دواییانە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدانەوەیەکی زۆری بەداوی خۆیدا هێنا، کوژرانی نوور دلێمی، مۆدێل و کەسایەتیی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوو. هەر چەندە هەمووان دەیانزانی، کوژراوە، بەڵام کەس زانیاریی لەبارەی چۆنییەتی کوژرانی نەبوو؛ بۆیە، کۆڤان بەدواداچوونی بۆ بابەتەکە کرد، پۆلیسی هەولێریش لە پەخشی ڕاستەوخۆدا گرتە ڤیدیۆی ڕووداوەکەیان بۆ نارد.
ناڕەزایەتیی ژمارەیەک مامۆستا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و مانگرتنیان، لە نێو خەڵک و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی جیاوازی لەسەر دەکرێت؛ کۆڤان، بە خستنە ڕووی چەند بەڵگەیەک ڕاستیی ئەو بابەتە بۆ بینەر و بیسەران دەخاتە ڕوو و پێیان دەڵێت: خۆتان بڕیار بدەن.
بابەتێکی دیکە کە بەم دواییانە خەڵکی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە، زۆریی پارەی کارەبای مووەلیدە ئەهلییەکان بوو، کە بۆ مانگی یەک بۆ هەر ئەمپێرێک لە نێوان 20 بۆ 24 هەزار دینار بووە. کۆڤان لە گەشتە هەواڵییەکەیدا ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان و داوای چارەکردنی کێشەکەی کرد.
هەر چەندە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی چەند مانگێکە بڕیاری داوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت، بەڵام تاوەکوو ئێستە بە هۆی جیاواز دابەش نەکراون. کۆڤان، لەسەر ئەم بابەتە لە پەخشی ڕاستەوخۆدا پەیوەندی بە کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێرەوە کرد و ئەویش وادەی دابەشکردنی زەوییەکانی ئاشكرا کرد.
پیسبوونی ژینگەی هەولێر و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، مەترسییەکە گەورە و بچووکی گرتووەتەوە؛ هەر چەندە بەم دواییانە سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ژمارەیەک بڕیاری بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە دەرکرد، بەڵام تاوەکوو ئێستەش کوالیتیی ژینگەی هەولێر لە ئاستی پێویستیدا نییە، بۆیە کۆڤان پەیوەندیی بە نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێرەوە کرد و پێی گوت: ئاگاداریت ژینگەی هەولێر هێشتا هەر پیسە؟