پڕۆژەی رووناکی مەرج و وادەی پێدانی پسوولەی کارەبا ئاشکرا دەکات
پڕۆژەی رووناکی سەرجەم هاووڵاتییان و هاوبەشانی ئاگادار دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، پێویستە لە ماوەی 50 رۆژدا پارەی پسوولەی کارەبا پاکتاو بکرێت، بە پێچەوانەوە تەزووی کارەبای سەرپێچیکاران دەپچڕێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، پڕۆژەی رووناکی لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، سەرجەم هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکەنەوە کە دەبێت پسوولەکانیان لە ماوەی 50 رۆژدا بدەن، هاوکات جەخت کراوەتەوە کە هەژمارکردنی ئەو 50 رۆژە لە رێکەوتی دەرچوونی پسوولەکەوە دەست پێ دەکات لەسەر سەکۆی "ئی-پسوولە"، نەک لە کاتی گەیشتنی پسوولەی کاغەزی بۆ دەستی هاوبەشان.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا سەبارەت بە بڕینی کارەبا و رێکارەکانی گەڕاندنەوەی هاتووە، "ئەگەر هاوبەشێک بەهۆی نەدانی پارەی پسوولەکەی لە وادەی دیاریکراودا کارەباکەی پچڕا، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی کارەباکەی تەنها دوای ئەوە دەست پێ دەکات کە تەواوی پارەی پسوولەکەی پڕۆژەی ڕووناکی پاکتاو بکات."
هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی کارەبا بە شێوەیەکی گشتی تا 24 کاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا لەوانەیە زیاتر بخایەنێت، بەتایبەت ئەگەر پارەکە لە ڕێگەی کارمەندی کۆکەرەوەوە درابێت، ئەوا ڕێکارەکان کاتێکی زیاتریان پێویست دەبێت.
پڕۆژەی رووناکی داوا لە هاوبەشان دەکات مانگانە لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنیی "ئی-پسوولە"وە بەدواداچوون بۆ پسوولەکانیان بکەن و رایگەیاندووە، لە ئێستادا نوێترین پسوولەی کارەبا بۆ زۆربەی هاوبەشان لەسەر ئەو سەکۆیە بەردەستە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی بەردەوام ئاگاداری دەرچوون و زانیارییەکانی پسوولەکانت بیت، پێویستە هەرچی زووە یەکەکەت لە رێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پڕۆژەی رووناکییەوە تۆمار بکەیت."