شەقامەکانی 120 - 150 بەیەکتر دەبەسترێنەوە

لە چوارچێوەی پەرەپێدانی ژێرخانی هاتوچۆ و خزمەتگوزارییە مەدەنییەکان لە هەولێر، سەرۆکی شارەوانی هەولێر تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 راگەیاند، پڕۆژەیەکی نوێ بۆ بەستنەوەی هەردوو شەقامی 120 و 150 مەتری جێبەجێ دەکرێت. گوژمەی دارایی تەرخانکراویش بۆ ئەم پڕۆژەیە زیاتر لە 40 ملیار دینارە.

دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی، ئەم پڕۆژەیە دەبێتە یەکێک لە رێگا سەرەکییەکانی پەیوەندیکردن و بەستنەوەی نێوان شەقامی 120 و 150 مەتری، و جگە لەوەی رۆڵی دەبێت وەک رێگایەکی سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی، هاوکات خزمەتگوزاری و ئاسانکاریی هاتوچۆ بۆ ئەو گەڕەکانە دابین دەکات کە دەکەونە سەر ئەو شەقامە.

لە لایەکی دیکەوە، و لە چوارچێوەی بەردەوامیی پلانەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا بە مەبەستی رێگریکردن لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاوی زیادە، دوو پڕۆژەی گەورەی ئاوەڕۆی سندووقی بە درێژایی 6500 مەتر و ئاوەڕۆی لولەیی بە درێژایی 35 هەزار مەتر لە هەولێر دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی وەزارەتەکە، گوژمەی تەرخانکراو بۆ ئەم پڕۆژانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر بوجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابین کراوە و لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێردا جێبەجێ دەکرێن، و ئێستاشدا لە قۆناخی جێبەجێکردندان.

پڕۆژەی یەکەم بریتییە لە دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی لولەیی بە درێژایی 17 هەزار مەتر و ئاوەڕۆیەکی سندووقی بە درێژایی دوو هەزار مەتر، کە لە پڕۆژەی پەرەپێدانی شەقامی هەولێر - قوشتەپە دەکرێت.

سەبارەت بە پڕۆژەی دووەمیش، بریتییە لە دروستکردنی ئاوەڕۆیەکی لولەیی بە درێژایی زیاتر لە 17 هەزار مەتر و ئاوەڕۆیەکی سندووقی بە درێژایی 4500 مەتر، کە لە شەقامی 60 مەتری لە نێوان شەقامی 120 مەتری و 150 مەتریی هەولێردا جێبەجێ دەکرێت.

بە گشتی لەم دوو پڕۆژەیەدا، درێژایی 35 هەزار مەتر ئاوەڕۆی لولەیی و 6500 مەتر ئاوەڕۆی سندووقی دادەنرێت، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر باش و بەرچاوی دەبێت لەسەر بنبڕکردنی مەترسیی لافاو و کۆبوونەوەی ئاوی زیادە لەو ناوچانەی هەولێر.