بەڕێوەبەری گشتیی کوردستان24، بەشداریی دیداری میدیایی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی کرد

بەبۆنەی ساڵیادی ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، سەڵاحەدین بەهائەددین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو؛ دیدارێکی میدیایی ڕێکخست و ئەحمەد زاوێتەیی، بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و ڕاگەیاندن، بە نوێنەرایەتیی دەزگاکە، بەشداریی لە دیدارەکەدا کرد. 

سەڵاحەدین بەهائەددین لە وەڵامی پرسیاری میدیاکاراندا باسی لەوە کرد، بەشداریی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناکەن و وەک ئۆپۆزسیۆن دەمێننەوە، بەڵام ئۆپۆزسیۆنێکی جیاواز و نابنە هۆی تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان.

 هەروەها ئەمینداری یەکگرتوو جەختی لە هەڵوێستی حزبەکەی بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ ڕیفراندۆم بوون و لە هەڵوێستەکەشیان پاشگەز نابنەوە، وەک ئەوەی چەند کەسێک لە هەڵوێستەکەیان پەشیمان بوونەتەوە. 

لە دیدارەكەدا، بە ئاراستەكردنی چەند پرسیارێك سەبارەت بە دۆخی ھەرێمی كوردستان و ناوچەكە، وتووێژێكی گەرم لە نێوان ئەحمەد زاوێتەیی، نوێنەری كوردستان24 و ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دروست بوو.

ئەحمەد زاوێتەیی لە سەڵاحەدین بەهائەددینی پرسی "درووشمێکتان هەیە کە چاکسازییە، ئێوە بەشداربوونە لە حکوومەت و ئۆپۆزیسیۆنیش بوونە. بەڕای جەنابتان بە کام ئەزموون زیاتر توانیوتانە درووشمەکەتان جێبەجێ بکەن؟"
ئەویش لە وەڵامدا گوتی: "چاکسازیی لە حکوومەتدا دەکرێت، مەجالی چاکسازیمان تا ڕادەیەک لە قۆناغێک بۆ قۆناغێکی دیکە جیاواز بووە. لە قۆناغێکدا باشتر بوو، وەزیر دەسەڵاتی زیاتری هەبوو و لە قۆناغێکیشدا کەمتر بوو، بەڵام ئێمە لە کابینەی نۆیەمدا بەشدار نەبووین تا بزانین، بەڵام بەپێی ئەوەی دەبیستین، دەڵێن داخراوییەکی زۆر هەیە."

دۆخی ناوچەكە و ڕووداوەكانی ئەم دواییەی سووریا و بارودۆخی ڕۆژئاوای كوردستان تەوەرێكی دیكەی پرسیار و وەڵامەكانی نێوان نێردەی كوردستان 24 و ئەمینداری یەکگرتوو بوو.

ئەحمەد زاوێتەیی، لەبارەی ڕۆژئاوای کوردستان بە سەڵاحەدین بەهائەددینی گوت: وەکوو حزبێکی کوردی ئیسلامیی سیاسی، دەتوانن چ ڕۆڵێک بگێڕن تاوەکوو ڕووداو و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا لە قازانجی کورد بن، بە تایبەت لە دانوستانەکانی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان و دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا لە دیمەشق؟
ئەمینداری یەکگرتووش لە وەڵامدا گوتی: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان کە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانیی دەکرێت، دەستیان بۆ هەندێک شت بردووە، کە لەگەڵ سوورییەکان ناگونجێت، بۆ نموونە دەستوورێکیان داناوە، هەندێ شتی تێیدایە زۆر نامۆیە. ئەوەی جێگەی ئومێدە، مەزڵووم عەبدی لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە تێ دەگات و تێگەیشتنی ئەحمەد شەرعیش، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری سووریا، کراوەیە. 

پرسیارێکی دیکەی نوێنەری کوردستان24 سەبارەت بە پرۆسەی نوێی ئاشتی بوو لە تورکیا و باکووری کوردستان، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەو بارەوە ئاماژەی بەوە کرد "بە گەشبینییەوە لە پرۆسەكە دەڕوانێت و ھاتنە پێشەوەی كەسانی وەكو دەوڵەت باخچەلی بە ئاماژەیەك بۆ جدییەتی ھەنگاوەكان دەزانێت."