مەسرور بارزانی و بەگدانۆڤ جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەولێر و مۆسکۆ دەکەنەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا کرد و لەمیانەی کۆبوونەوەی نێوانیان دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا ئاڵوگۆڕ کرا.

پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ڕووسی بە سەرۆکایەتیی میخائیل بەگدانۆڤ، نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و جێگری وەزیری دەرەوە کرد.

بە پێی ڕاگەیاندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕووسیا ئاڵوگۆڕ کرا.

نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا و جێگری وەزیری دەرەوە، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی دۆستانە و لەمێژینەی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمەکە کرد و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە.

هەروەها نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ڕووسیا، بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ مۆسکۆ کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ کرا، لەم ڕووەوە هەموارکردنی یاسای بودجەی فیدراڵ و ڕێککەوتن لەسەر هەناردکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەمدرا.

بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە دوایین گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی سووریا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستی پاراستنی ئاسایشی و ئارامیی و مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکانی سووریا.