عێراق بە دوای جێگره‌وه‌ی غاز و كاره‌بای ئێران ده‌گه‌ڕێت

پاش بڕیارەکەی ترەمپ بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە وڵاتی ئێرانەوە بۆ عێراق، وەزارەتی نەوت بە دوای جێگرەوەی ئێران دەگەڕێت بۆ هاوردەکردنی غاز و کارەبا، لەگەڵ هەر یەک لە وڵاتانی سعوودییە، ئوردن، کوێت و تورکمانستان لەگفتوگۆدان، بەڵام بەهۆی گرانی تێچووی هاوردەکردنەکەی هێشتا ڕێکنەکەوتوون لەگەڵ ئەو وڵاتانە، ئەمەش مەترسی قەیرانی دابەشکردنی کارەبای دروست کردووە.

وێستگەی کارەبای زەعفەرانیە لە بەغدا یەکێکە لەو وێستگانەی کە غازی لە وڵاتی ئێرانەوە بۆ دابین دەکرێت، عێراق ڕۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن پێ سێجا غاز و 1200 مێگاوات کارەبا لە وڵاتی ئێرانەوە بۆ وێستگەکانی دابین دەکات، بەڵام لە چوارچێوەی توندکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران ئەو لێخۆشبوونەی کە درابوو بە عێراق بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غاز لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکاوە هەڵوەشێندرایەوە. ئەمەش قەیرانی دابەشکردنی کارەبا لە عێراق زیاتر دەکات.

سه‌ڵاح شەزر، پسپۆری پەیوەندیە نێودەوڵەتییەکان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: عێراق بە دوای جێگرەوەی ناوخۆ دەگەڕێت, بەڵام بەرهەمهێنانی غازی سروشتی کەمە و بەشی کارەباکەی ناکات. بۆیە هەوڵی داوە لە وڵاتانی دراوسێوە کارەبا هاوردە بکات بە تایبەت سعوودییە، ئوردن و کوێت بەڵام تێچووەکەی زۆرە.

نزیکەی 20 ساڵە عێراق گاز و کارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، پاش بڕیارەکەی ترەمپ، وەزارەتی نەوەت دەیەوێت بۆ جێگرەوەی ئێران گرێبەستێکی خێرا لەگەڵ وڵاتی تورکمانستان واژو بکات بۆ هاوردەکردنی 20 ملیۆن پێ سێجا غاز، بەڵام بە هۆی زۆری تێچووەکەی تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە گرێبەستەکە بکات. هاوکات گرێبەستێکی تری واژۆ کردووە لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ ئێنێرجی فەڕەنسی بۆ ئەوەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی ناوخۆ بگاتە 70 ملیۆن پێ سێجا .