ڕووسیا: دەبێت لەسووریا مافی کورد پارێزراو بێت

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت؛ پێویستە لە سووریای داهاتوودا مافی کورد و دروزەکان پارێزراوبن.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕاشیگەیاند، لەگەڵ ئەوەدان سوورییەکان بەدەستی خۆیان داهاتوو دیاری بکەن، بەڵام پێویستە لە سووریای نوێ مافی کورد و دروزەکان لەبەرچاو بگیرێت.

زاخارۆڤا جەختی لەوەش کردەوە، پێویستە ئیدارەی نوێی سووریا دڵنیایی لە پاراستنی بەرژەوەندیی هەموو نەتەوە و گرووپەکان، لەوانە کورد و دروزەکان بدات.

گوتیشی، گرنگە لایەنەکان ڕێز لە بنەما سەرەکییەکانی یەکگرتوویی خاک و سەروەریی سووریا بگرن.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە،8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا چوونە نێو دیمەشقی پایتەخت و ڕژێمی سووریایان بە سەرۆکایەتیی بەشار ئەسەد ڕووخاند و کۆتاییان بە دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیە هێنا.