سەرۆکی ڤەنزوێلا 72 کاتژمێر دەداتە باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا تاوەکو وڵاتەکەی جێبهڵێت

"خۆمان فڕۆکەکەی بۆ ئامادە دەکەین"

K24 - هەولێر

سەرۆکی ڤەنزوێلا مۆڵەتی 72 کاتژمێری بە ئیزابێل بریلانتێ پێدرۆسا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە کاراکاس دا، تاوەکو وڵاتەکەی جێبهێڵێت، دوای ئەوەی یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر 11 بەرپرسی ڤەنزوێلادا سەپاند.

نیکۆلاس مادۆرۆس، سەرۆکی ڤەنزوێلا رۆژی دووشەممە (29-6-2020) لەبارەی بڕیارەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەدژی بەرپرسانی وڵاتەکەی گوتی "ئەوان کێن تاوەکو بە هەڕەشەوە خۆیان بسەپێنن؟ لەماوەی 72 کاتژمێردا چارەسەری دەکەین... فڕۆکەیەکی بۆ ئامادە دەکەین ئێرە جێبهێڵێ، ئێمە خۆمان کارەکانمان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا رێکدەخەین".

ئەو گوتانەی سەرۆکی وڵات لەکاتێکدان؛ بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا، ئێستا فڕۆکەخانەکانی ڤەنزوێلا داخراون.

سزاکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ سەر بەرپرسەکانی ڤەنزوێلا پێکدێت لە: قەدەغەکردنی گەشت بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و سڕکردنی سەرچاوەکانیان.

لە ساڵی 2017ـەوە پەیوەندییەکانی نێوان ڤەنزوێلا و یەکێتیی ئەوروپا ئاڵۆزیی زۆریان تێکەوتووە، کاتێک ڤەنزوێلا بووە یەکەمین وڵاتی ئەمەریکای لاتین لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە سزای بەسەردا بسەپێنرێت و رێگەی لێبگیرێت لەوەی چەک هاوردە بکات.

Fly Erbil Advertisment