خراپی کەشوهەوا تاران پەک دەخات

پارێزگاری تاران ڕایگەیاند، بەهۆی خراپی کەشوهەواوە، سبەینێ شەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکان پشووی فەرمییە.

محەممەد سادق موعتەمیدیان پارێزگاری تاران ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە کۆبوونەوەی ناوەندی قەیرانەکان ڕایگەیاند، بە گوێرەی ڕاپۆرتەکانی کەشناسی، دۆخی کەشوهەوا خراپە و لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی، بڕیاریداوە، سبەینێ شەممە لە سەرجەم قوتابخانەکان، زانکۆکان، بانک و فەرمانگەکانی حکوومەت بکرێتە پشووی فەرمی.

هەروەها داواکارییەکی ئاراستەی دانیشتووانی تاران کردووە، بەهۆی خراپی دۆخی کەشوهەوا و بەستنی ڕێگەکان، بەرەو ناوچە شاخاوییەکان، بە تایبەت ناوچەکانی باکووری ئێران گەشت نەکەن.

بە گوێرەی پێشبینییەکانی ناوەندی کەشناسی تاران، ئەمشە و پلەکانی گەرمای شارەکە بۆ ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت و تاوەکوو ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووش، ئەگەر نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما هەیە.

هەروەها دۆخی کەشوهەوای تارانی بە پرتەقاڵی دیاری کردووە و پێشبینی بەفر و زریان لە شاخەکان و لێزمە باران و هەورە بروسک لە ناوەندی شارەکە دەکات.