سعوودیە: درۆنێک لە ئاسمانی مەککە تێکشکێندرا
هێزەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعوودیە ڕایانگەیاند، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان هێرشێکی درۆنیی بۆ سەر ئاسمانی شاری مەککە پووچەڵ کردووەتەوە، کە ئەمەش دووەمین هێرشی لەو شێوەیەیە لە ماوەی سێ رۆژدا بکرێتە سەر شارەکە.
ئەمڕۆ هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026، لیوا روکن تورکی مالکی، گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی پشتیوانی لە شەرعییەت لە یەمەن، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاویکردەوە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی توانیویانە لە ئاسمانی شاری پیرۆزی مەککە هێرشێکی درۆنی تێکبشکێنن پێش ئەوەی بگاتە ئامانجەکەی.
ئەمە دووەمین هێرشی درۆنییە لە ماوەی 72 کاتژمێری ڕابردوودا دەکرێتە سەر شاری مەککە، هێرشەکەی پێشوو رۆژی سێشەممەی رابردوو (3ـی ئەم مانگە) ئەنجامدرا، لە هەمان کاتیشدا دوو درۆنی دیکەی بۆمبڕێژکراو لە ئاسمانی ریازی پایتەختی سعوودیە لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە خرانە خوارەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێرشە درۆنییە بۆمبڕێژکراوەکان و تەقاندنی مووشەکی بالیستی بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی سعوودیە، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ توندتربوونەوەی شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییەی سوپای سعوودیە و هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ چەکدارە حووسییەکانی یەمەن.