جووتیارێک لە کوێستانەکانی سەقز شۆڕشێکی نوێی کشتوکاڵی بەرپا دەکات
لە گوندێکی سەقزی پارێزگای سنە ناوچەیەکی کوێستانییە، جووتیارێک بۆ یەکەمجارە مەرەزەی کردووە و توانیویەتی بەرهەمێکی باشی برنج بەدەستبهێنێت.
ئەو برنجەی بەرهەمهێناوە، پێچەوانەی رێسا باوەکەی مەرەزەیە و ئاوی زۆر ناوێت، بەم کارەی ئەم جووتیارە سەلماندوویەتی، لە ناوچەی سارد و کوێستانیش برنج بەرهەم دێت و لە ماوەیەکی کەمیشدا پێدەگات. لە دوای تاقیکردنەوەی سەرکەوتووانەی ئەم جووتیارە، ئێستا جووتیارانی دیکەی گوندەکە بڕیاریانداوە و بەنیازن ساڵی داهاتوو مەرەزە بکەن.
مەنسوور سەعادەت، بە وەستا مەنسوور ناسراوە، جووتیارێکی خەڵکی گوندی سەیداوای جەمیانی سەر بە سەقزە. ئەمساڵ هەر بۆ تاقیکردنەوە لە بەشێک لە زەوییەکانیدا برنجی چاندووە.
دەڤەری سەقز ناوچەیەکی کوێستانی و ساردە و بۆچوونی باو لە نێو جووتیارانی ئەم ناوچەیەدا ئەوە بووە لەم شوێنە برنج بەرهەم نایەت. بەڵام وەستا مەنسوور دەڵێ لەبەر ئەوەی بۆ کاری پەیوەند و موتوربەی دار زۆر ناوچە گەڕاوە، بۆی دەرکەوتووە جووتیارانی ناوچەی بەختیاری ناوچەیەکی شاخاوی و کوێستانییە، برنج بەرهەم دەهێنن، هەر بۆیە هەوڵیداوە ئەم ئەزموونە بگوازێتەوە بۆ سەقز و تاقی بکاتەوە.
مەنسوور سەعادەت دەڵێت " بڕیارمدا بۆ یەکەمجار چاندنی برنج لە ناوچەکە تاقی بکەمەوە، شوکور بۆ خوا زۆر باشی هاتە بەرهەم. ئامانجەکەی من لە چاندنی برنج بۆ ئەوە بوو جووتیارانی ناوچەکە ساڵانە چەوەندەر دەڕوێنن و ئاوێکی زۆریشی دەوێت، بەڵام بۆ بەرهەم هێنانی برنج ئەو تێگەیشتنەی بەجووتیارانیانداوە، گوایە ئاوێکی زۆری دەوێت بۆیە نابێت زەوییەکانیان بەبرنجدابچێنن، هەڵەیە و بە پێچەوانەوە ئاوێکی زۆر کەمی دەوێت و بەرێکی باشیشی دەبێت، تەنیا شێوازی داچاندنەکەی گرنگە.
وەستا مەنسوور بە دوو قۆناخ برنجەکەی بەرهەمهێناوە. لە سەرەتای هاویندا چەڵتووکی برنجی بۆ بەرهەمهێنانی شەتڵی برنج چاندووە و لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا شەتڵەکانی پێگەیشتوون. دواتر لە کۆتایی یەکەم مانگی هاویندا شەتڵەکانی لە زەوییەکانیدا چاندووە و پاش سێ مانگ توانیویەتی لە رووبەرێکی دووهەزار مەتریدا، نزیک 500 کیلۆ برنجی زۆر باش بەرهەمبێنێت. ئێستا جووتیارانی گوندەکە دەڵێن ساڵی داهاتوو ئێمەش دەست بە بەرهەمهێنانی برنج دەکەین.
مستەفا سەعادەت، یەکێکی دیکە لە دانیستوان و جووتیارانی گوندی سەیداوای جەمیان دەڵێت: لەمڕۆ بە دواوە بە تایبەت هەوڵی داچاندنی برنج دەکەم، چونکە ئەوەی وەستا مەنسوور کردوویەتی نایابە و لە پارچە زەوییەکی بچووکدا بەرهەمێکی باشی برنجی هەبووە، جیا لەمەش هێندەی بەرهەمهێنانی چەوەندەر و گەنم پێویستی بە ئاودێری نییە.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان پێشتر تەنیا لە دەوروبەری دەریاچەی زرێباری پارێزگای سنە و ناوچەی سەراولەی ئیلام برنج بەرهەم دەهات.
بەرهەمهێنانی برنج لە ناوچەی کوێستانیی سەقز کە ئەزموونێکی نوێ بەڵام سەرکەوتووە، دەتوانێ ببێتە هاندەر بۆ جووتیارانی ناوچە کوێستانییەکان لە پارێزگاکانی ورمێ و کرماشانیش.