سبەینێ حەماس سێ بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکات

بزووتنەوەی حەماس، ناوی سێ بارمتەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە کە بڕیارە سبەینێ ئازادیان بکات، لە بەرانبەردا ئیسرائیل 183 بەندکراوی فەڵەستینی ئازاد دەکات.

هەینی 7ـی شوباتی 2025، ئەبو عوبەیدە، گوتەبێژی حەماس، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سبەینێ سێ بارمتەی ئیسرائیلی بە ناوەکانی؛ ئیلیاهۆ شەرابی، ئۆهاد بن عامی و ئۆر لیفی ئازاد دەکات، لای خۆیەوە ئیسرائیل دووپاتی کردەوە کە لیستی ناوی بارمتەکانی پێگەیشتووە و بڕیارە 183 بەندکراوی فەڵەستینیش ئازاد بکات.

سبەینێ لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، پێنجەمین گەڕی ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان و بەندکراوەرکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەڕێوەدەچێت.

ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل، دوای زیاتر لە 15 مانگ لە جەنگی وێرانکەر، لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وێنەی سێ بارمتە ئیسرائیلییەکە، کە بڕیارە سبەینێ لەلایەن حەماسەوە ئازاد بکرێن

تا ئێستا 4 گەڕی ئاڵوگۆڕی بەندکراو و بارمتەکان لەلایەن ئیسرائیل و حەماس، بەڕێوەچووە

کەسوکاری بارمتەکانی ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا، داوایان لە حکوومەتی ئیسرائیل کرد کە ڕێککەوتنی  ئاگربەست بە مەبەستی ئازادکردنی بارمتەکان خێراتر بکرێت.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیە، دانوستانی ناڕاستەوخۆ لە دەوحە لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل دەستی پێکردووە لەبارەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە، کە بڕیارە ببێتە هۆی ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیللییەکان و بەندکراوە فەڵەستینییەکان.

تا ئێستا 4 گەڕی ئاڵوگۆڕی بەندکراو و بارمتەکان لەلایەن ئیسرائیل و حەماس بەڕێوەچووە، کە بووەتە هۆی ئازادکردنی 18 بارمتە و 600 بەندکراو.

شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکوو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.

لە بەرانبەردا ئیسرائیل،  بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوەتی بزووتنەوەی حەماس، دەستی بە بۆردومان و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیy کرد لە غەززە، جگە لە کوشتنی هەزارەها هاووڵاتی سڤیل لە کەرتەکە، ژمارەیەک سەرکردەی دیاری حەماسیشی کوشت.

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە  46 هەزار و 707 هاووڵاتی سڤیل لە غەززە گیانیان لەدەستداوە،  جگە لە 110 هەزار و 265 بریندار، هەروەها زیاتر لە 11 هەزار کەسیش چارەنووسیان نادیارە، سەرباری وێرانبوونی کەرتی غەززەش کە بە خراپترین کارەساتی مرۆیی لە ئاستی جیهان ناودەبرێت.