خامنەیی پێشوازیی لە شاندێکی حەماس کرد

کۆبوونەوەی خامنەیی لەگەڵ شاندێکی حەماس (وێنە: هەژماری خامنەیی لە ئێکس)
کۆبوونەوەی خامنەیی لەگەڵ شاندێکی حەماس (وێنە: هەژماری خامنەیی لە ئێکس)

لە هەمان ڕۆژی ئازادکردنی سێ بارمتەی ئیسرائیلی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ شاندێکی بزووتنەوە حەماس کۆ بووەوە. 

عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ شاندێکی سەرکردایەتیی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی (حەماس)ـی فەڵەستینی کۆ بووەوە. 

بە گوێرەی پۆستێکی هەژماری عەلی خامنەیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، کۆبوونەوەکە بەیانیی ئەمڕۆ شەممە، 08-02-2025، لە ئێران بووە. 

 شاندی سەرکردایەتیی حەماس، لە مەحموود دەروێش، سەرۆکی ئەنجوومەنی شوورا و خەلیل حەیە و نەزار عەوزەڵلا، سەرکردەی باڵای بزووتنەوەکە پێک هاتبوو. 

تاوەکوو ئێستە میدیاکانی ئێران و تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئەو وڵاتە هیچ زانیارییەکیان لەبارەی ئامانج و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بڵاو نەکردووەتەوە. 

دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ خامنەیی، شاندەکەی حەماس چاویان بە محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران کەوت.  

پێشتر، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززەی بە "سەرکەوتن بۆ حەماس و شکست بۆ ئیسرائیل" ناو بردبوو. 

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 08-02-2025، کەتیبەکانی قەسام، باڵی سەربازیی بزووتنەوەی (حەماس)ـی فەڵەستینی، سێ بارمتەی دیکەی ئیسرائیلییان بە ناوەکانی (ئیلیاهو داتسۆن شەرعەبی، ئۆر ئەڤراهام لیڤی و ئۆهاد بن عامی) ئازاد کرد. 

چاوەڕێ دەکرێت، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، ئیسرائیل 183 زیندانیکراوی فەڵەستینی ئازاد بکات و بیانگەڕێنێتەوە کەرتی ڕۆژئاوا. هاوکات سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، ڕێگە نادەن هیچ ئاهەنگێک بەبۆنەی ئازادکردنی ئەو زیندانییە فەڵەستینییانە ڕێک بخرێت.