کابینەی نوێی حکوومەتی لوبنان بە سەرۆکایەتی نەواف سەلام پێکهێنرا

جۆزێف عەون، سەرۆکی کۆمار، نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو و نەبیح بێری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان
جۆزێف عەون، سەرۆکی کۆمار، نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو و نەبیح بێری سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان

سەرۆکایەتیی لوبنان، پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی وڵاتەکەی بە بەشداریی 24 وەزیر و بە سەرۆکایەتی نەواف سەلام ڕاگەیاند.

شەممە 8ـی شوباتی 2025، سەرۆکایەتیی کۆماری لوبنان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە نووسراوی دەست لەکارکێشانەوەی نەجیب میقاتی، سەرۆک وەزیرانی پەسەند کرد و هەروەها نەواف سەلامی ڕاسپارد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکە کابینەکەی بە بەشداریی 24 وەزیر پێکهێنا.

حکوومەتی لوبنان دوای زیاتر لە سێ هەفتە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی لوبنان پێکهێنرا، کە پۆستەکانی حکوومەت بەپێی سیستمی پشک پشکێنە دابەش کرا.

پێش ڕاگەیاندنی پێکهێنانی حکوومەت، کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار، بە ئامادەبوونی جۆزێف عەون، سەرۆکی کۆمار، نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو و نەبیح بێری سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە بەڕێوەچوو .

حکوومەتی نویێ لوبنان چاوەڕوانی ئاڵنگاری و ئاستەنگە گەورەکانە، کە دیارترینیان ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە و بەردەوامیدانە بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، هەروەها بە پێی بڕیارنامەی 1701ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە ساڵی 2006 دەرچووە، دەبێت ئیسرائیل لە باشووی وڵاتەکە بکشێتەوە، لە بەرانبەردا دەبێت حزبولڵا لە چەک داماڵدرێت و چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە بێت.

بەپێی ڕێککەوتنەکە کە لەلایەن لێژنەیەک بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا و فەرەنسا جێبەجێ دەکرێت، ئیسرائیل دەبوو تا 26ـی مانگی کانوونی دووەمی 2025 هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە، بەڵام لوبنان ئیسرائیلی بە "دواخستنی"  جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە تۆمەتبار کرد.