ناتانیاهۆ: قۆناغی دووەمی ڕێککەوتن لەگەڵ حەماس دەستپێدەکەین

بنیامین ناتانیاهۆ
بنیامین ناتانیاهۆ

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند: گەڕی دووەمی دانووستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس دەستپێدەکەن بۆ ئەوەی قۆناغی دووەمی ئاگربەست جێبەجێ بکەن.

شەممە 8ـی شوباتی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند: شاندێکی دانووستنکار دەنێرێتە دەوحە بۆ گەڕی دووەمی دانووستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لەبارەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتن کە لە 19ـی کانوونی دووەمەوە دەستی پێکردووە.

نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دوای ئازادکردنی ئەمڕۆی بارمتەکانی ئیسرائیل لەلایەن حەماس بەرامبەر ئازادکردنی فەڵەستینییەکان، بنیامین ناتانیاهۆ فەرمانی کردووە، شاندێک بنێردرێتە قەتەر بۆ گەڕی دووەمی دانووستانەکان لەبارەی ڕێککەوتنیان لەگەڵ حەماس، نووسینگەکەی ڕایگەیاندووە، دەربارەی گەڕی دووەمی دانووستانەکان، ناتانیاهۆ کۆبوونەوەی حکوومەتی ئەمنی  دەکات.

ئەو لێدوانانەی ناتانیاهۆ و نووسینەگەکەی لە کاتێکدایە، شەممە 8ـی شوباتی 2025، باسم نەعیم، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: دەیبینن ئیسرائیل پابەندی ڕێککەوتنی ئاگربەست نابێت و جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی دوا دەخات، ئەمەش وا دەکات ڕێککەوتنەکە بخاتە مەترسییەوە، دەشڵێت: ئەگەر ڕێککەوتنەکە بەو شێوەیە بەڕێوەبچێت، ڕێککەوتنەکە دەوەستێت و کۆتایی دێت.