شوێنەواری دهۆک سکاڵا لەسەر کۆمپانیای لێکزس تۆمار دەکات

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک لە داواکاری گشتیی پارێزگای دهۆک و دادگای شێخان سکاڵایەکی یاسایی لە دژی کۆمپانیای لێکزس تۆمار کرد.

بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری پارێزگای دهۆک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیس بووک بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی ئەو زێدەڕەوییەی لەلایەن کۆمپانیای لێکزس کراوەتە سەر ناوچەیەکی شوێنەواریی لە سنووری پارێزگای دهۆک و بەهۆیەوە زیان بەر شوێنەوارەکە گەیشتووە، هەربۆیە سکاڵایان تۆمار کردووە.

بێکەس بریفکانی ئاماژەی داوە، کۆمپانیاکە بەبێ ئاگاداری بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار، ئەو بەربەستە گڵییەی حەرەمی ناوچەی قەدەغەکراوی ناوچەیەکی شوێنەواریان بەزاندووە و بوونەتە مایەی زیان گەیاندن بە شوێنەوارەکە، لەبەر ئەوە دەبێت کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی توندترین سزا بکرێتەوە.

کۆمپانیای لێکزسی ژاپۆنی بۆ نمایشکردنی مۆدێلێکی ئۆتۆمبێلەی، چووەتە سنووری شارۆچکەی شێخان و لەسەر شوێنەواری کەناڵی جەروانە نمایشێکی کردووە و بڵاوی کردووە.

شوێنەواری جەروانە دەکەوێتە گوندی جەروانە لە سنووری شێخان و بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان، جەروانە لەلایەن پاشا سەنحاریبی ئاشوورییەکان بنیاد نراوە و مێژووەکەشی بۆ 690 ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە.

کەناڵی جەروانە لە نزیکەی دوو ملیۆن بەرد دروستکراوە و کێشی هەر یەکێک لە بەردەکان نزیکەی 250 کیلۆگرامە، بەڵام بەشێکیان کێشی دەگاتە 500 کیلۆگرام و بەرزی جۆگەکە 9 مەتر و پانییەکەشی 20 مەترە، کەناڵەکە 13 کونی تێدایە و بە نۆرە ئاوی کەناڵە بەتاڵ دەکەنەوە.

ئەم شوێنەوارە لە ساڵی 1850 لەلایەن کونسوڵخانەی فەرەنسا لە عێراق دۆزراوەتەوە.

 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment