بەریتانیا.. فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کامبریج نمایش دەکرێت

فیلمی کوردی "زەوی سەخت و ئاسمانی دوور"، دەرهێنانی هەوراز محەمەد، هەڵبژێردراوە بۆ بەشداری لە 45ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کامبریج لە بەریتانیا، کە لەوێدا بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی نمایش دەکرێت.

سێشەممە، 20ی تشرینی یەکەمی 2026، هەوراز محەمەد، دەرهێنەری فیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو فیلمە سینەماییە، لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان تۆمار کراوە و درامایەکی شیعری و پڕ لە هەستە، باس لە تاوانباریی، بیرەوەریی و کاریگەریی درێژخایەنی شەڕ دەکات. چیرۆکی فیلمەکە دەربارەی هاروونە، شۆڕشگێڕێکی کورد لە ژێر کاریگەریی برینە دەروونییەکانی رابردوو و بارگرانیی ئەو شتانەدایە کە لە رابردوودا بەسەری هاتوون."

هەوراز سەبارەت بە چیڕۆکی فیلمەکە گوتی، "هاروون بۆ دۆزینەوەی ئارامی، سەرەتا پەنا دەباتە بەر موزیکی  ئایینیی یارسان، پاشان رێگەیەک دەگرێتە بەر دەیگەیەنێتە لای مەریەم؛ ژنێکی کورد لە گوندێکی دوورەدەست لە ناوچەی سێگۆشەی سنوورەکاندا دەژی و بە نەقشی جەستە و خاڵکێشانی نەریتیی کوردی ناسراوە. ئەو ناوچەیە لەو شوێنەدایە کە سنوورەکانی عێراق، ئێران و تورکیا یەکدی دەبڕن."

ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "فیلمەکە لە رێگەی گەشتەکەی هاروونەوە، بابەتێک دەخاتەڕوو و بە دەگمەن لە ژیانی گشتیی کوردیدا بە ئاشکرا باس دەکرێت؛ ئەویش کاریگەرییە ئەخلاقی و دەروونییەکانی شەڕ، بە تایبەتی دوای شەڕ و ناکۆکییە ناوخۆییەکانە. ئەم فیلمە شەڕ وەک دیمەنێکی سەرنجڕاکێش نیشان نادات، بەڵکو  دەڕوانێتەوە ئەو شتانەی دوای شەڕ دەمێننەوە؛ ئەو برینانەی شەڕ لە جەستە، زەوی، خێزان و رۆحی مرۆڤدا بەجێی دەهێڵێت."

سەبارەت بە هەڵبژاردنی فیلمەکە بۆ فێستیڤاڵی کامبریج، هەوراز محەمەد دەڵێت، "هەڵبژاردنی فیلمەکە بۆ فێستیڤاڵی کامبریج، دوای نمایشکردنی لە سینەماکانی کوردستان، خاڵێکی گرنگی دیکەیە لە رێگەی نێودەوڵەتیی فیلمەکەدا. یەکەم نمایشکردنی نێودەوڵەتیی فیلمەکە لە بەریتانیا لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگە کوردییەکانی ناوچەکە بەردەوام رووبەڕووی پرسیار و کێشەی جۆراوجۆر دەبنەوە؛ لەوانە ئاسایش، مانەوەی کولتووری، ئاوارەبوون، زمان، سنوورەکان و هەوڵەکانی سڕینەوەی ناسنامەی سیاسی و کولتووری."

هەوراز محەمەد سەبارەت بە گرنگیی نمایشکردنی فیلمەکە لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردەوە، "ئەم نمایشە ناتوانێ لە کاتێکی گرنگتر لە ئێستادا بەشدار  بێت،  ژیان و داهاتووی کورد بەردەوام لەلایەن هێزگەلێکەوە کاریگەریان لەسەر دادەنرێت کە لە کۆنترۆڵی ئەواندا نین. گرنگە ئەم چیرۆکەمان ئێستا دەستی بە گەشتی نێودەوڵەتیی خۆی کردووە. فێستیڤاڵی فیلمی کامبریج سەکۆیەکی گرنگ بە فیلمەکە لە بەریتانیا دەبەخشێت و هیوادارین رەخنەگران، هەڵسەنگێنەران و بینەران بێن و فیلمەکە ببینن، لەگەڵ ناوەڕۆکەکەی پەیوەندی بگرن و یارمەتی بدەن بابەتە کوردییەکان و سینەمای کوردی ببنە بەشێک لە گفتوگۆیەکی فراوانتر."

ئەو دەرهێنەرە ئەوەشی گوت، "ئەو شوێنەی زۆربەی فیلمەکەمان تێیدا تۆمار کردووە، بۆ من مانایەکی قووڵی هەیە؛ لە ناوچەیەک عێراق، ئێران و تورکیا کوردستانیان بە سنوورە جوگرافییەکان دابەش کردووە و کوردانی بەشە جیاوازەکانی کوردستان هێشتا لەوێدا رێگەی یەکتر دەگرنەبەر. دەمویست ئەم چیرۆکە بگێڕمەوە، چونکە خەڵک دوای شەڕ و ناکۆکییە ناوخۆییەکان هەڵگری تاوانباری و خەم و پەژارەن. دەمویست ئەو پرسیارەش بخەمەڕوو کە ئایا لێبوردن دەتوانێت رێگەیەک بۆ دەرچوون لەو دۆخە بکاتەوە؟."

هەوراز محەمەد ئاماژەی بەوەش دا، "لە رێگەی خودی زەوی و سروشت، موزیکی یارسان و نەریتی کۆنی کوردیی دێق، هەوڵم دا زمانێکی سینەمایی بۆ بیرەوەری، چاکبوونەوە و ئاشتەوایی بدۆزمەوە. فیلمەکە لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهاتووە و بە زمانی کوردییە. ئەکتەر و ستافی بەرهەمهێنانەکەشی لە چوار بەشی سەرەکیی کوردستانەوە پێک هاتوون."

فیلمی سینەمایی "زەوی سەخت و ئاسمانی دوور"، لە دەرهێنانی هەوراز محەمەدە، لە نووسین و سیناریۆی هەوراز محەمەد و مەنسوور تایفۆرییە. سالم سەلاڤاتی کاری وێنەگرتنی فیلمەکەی کردووە. ماوەی فیلمەکە 102 خولەکە و هەر یەکە لە، مەریەم بووبانی، بەختیار پەنجەیی، دیمەن زەندی و ئەژدەر سازگار رۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن.

فیلمەکە لە دوو کاتی جیاوازدا، لە 30ی تشرینی یەکەم و 1ی تشرینی دووەمی 2026، لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێت.