بڕیارە ئەمڕۆ هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕێڕەوی نەتساریم بکشێنەوە

دوای بەڕێوەچوونی قۆناغی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لە نێوان حەماس و ئیسرائیل، بڕیارە هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕێڕەوی نەتساریم بکشێنەوە

ڕۆژنامەی  (The Jerusalem Post)بڵاوی کردووتەوە "هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ 9ـی شوباتی 2025، بە تەواوی لە ڕێڕەوی نەتساریم، لە کەرتی غەززە دەکشێتەوە."

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل بەشێکە لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

کشانەوەی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل لە ڕێڕەوی نەتساریم بەمەبەستی ڕێگەدانە بە گەڕانەوەی هاووڵاتیانی ئاوارەبووی غەززە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە باکووری کەرتەکە.

دوێنی 8ـی شوباتی 2025، پێنجەمین قۆناغی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بەڕێوە چوو، کە حەماس سێ بارمەتەی ئیسرائیلی ئازاد کرد لە بەرانبەردا ئیسرائیل، 183 دیلی حەماسی ئازاد کرد.

هاوکات، هەمان ڕۆژی ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو  "شاندێکی دانووستانکار دەنێرێتە دەوحە بۆ گەڕی دووەمی دانووستانەکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس لەبارەی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتن کە لە 19ـی کانوونی دووەمەوە دەستی پێ کردووە."