سعوودیە: لێدوانەکانی ناتانیاهۆ دەربارەی دەرکردنی فەڵەستینییەکان بەتەواوی ڕەت دەکەینەوە

یەکشەممە، 9ـی شوباتی 2025، شانشینی عەرەبستانی سعوودی، لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئامانج ئەوەیە سەرنجەکان لەسەر تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە لا بچێت.
وەزارەتی دەرەوەی شانشینی عەرەبستانی سعوودی، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە "وەکوو وڵاتانی دیکە، لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ دەربارەی ئاوارەبوونی گەلی فەڵەستین لەسەر خاکی خۆیان، بەتەواوی ڕەت دەکەینەوە و هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، بەرز لەسەر دۆزی فەڵەستین بەرز دەنرخێنین."
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "شانشینی عەرەبستانی سعوودی، بەتەواوی ئەو لێدوانانە ڕەت دەکاتەوە، کە ئامانج لێی لادانی سەرنجە لەسەر تاوانەکانی ئیسرائیلی داگیرکەر کە لە دژی برا فەڵەستینییەکانمان لە غەززە کردوویانە، هەروەها فەڵەستینییەکان ڕوبەڕووی پاکتاوکردنی نەتەوەیی بوونەتەوە."
ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێمە نازانین ئەو عەقلیەتە توندڕەوییە داگیرکەرانییە چییە، خاکی فەڵەستین بۆ فەڵەستینییەکانە، چ پەیوەندی مێژوویی یان یاسایی بە ئەوانەوە هەیە؟ ئەوان فەڵەستینەییەکان بەشایەنی ژیان نازانن، کەرتی غەززەیان بەتەواوی وێران کرد، زیاتر لە 160 هەزار کەسیان کوشت و بریندار کرد، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن، بەبێ ئەوەی هەست بە بەرپرسیارەتی مرۆیی و ئەخلاقی بکەن."
وەزارەتی دەرەوەی شانشینی عەرەبستانی سعوودی، لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەختی کردەوە "گەلی فەڵەستین مافی خۆیانە لەسەر خاکەکەیان بژین، دەستدرێژکار و کۆچبەر نین، کە هەرکات ئیسرائیل بیەوێت دەریان بکات."
ڕوونیشی کردەوە "خاوەنی ئەم بیرۆکە توندڕەوانە ئەوانەن کە ڕێگرییان لە ئیسرائیل کرد ئاشتی قبوڵ بکات، بە ڕەتکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و دەستپێشخەرییەکانی ئاشتی کە وڵاتانی عەرەبی پەسەندیان کردووە."
ڕاشیگەیاند "ئاشتی هەمیشەیی بەدی نایەت تەنیا گەڕانەوە نەبێت بۆ لۆجیک و عەقل، هەروەها قبوڵکردنی پرەنسیپی پێکەوە ژیانی ئاشتییانە لەڕێگەی چارەکردنی دوو دەوڵەتییەوە."
ڕۆژی چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە واشنتن پێشوازی لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کرد، دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان کرد و ترەمپ پێشنیازی نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکانی لە شوێنەکانی دیکە و دەستبەسەرداگرتنی غەززەی کرد.
ڕۆژی پێنجشهممه، 6ـی شوباتی 2025، ئهیهوود باراك، سهرۆك وهزیرانی پێشووتری ئیسرائیل به ڕادیۆی سوپای ئیسرائیلی ڕاگهیاند، پێشنیازهكهی دۆناڵد ترهمپ، سهرۆكی ئهمهریكا له بارهی ڕاگواستنی دانیشتووانی غهززه و نیشتهجێكردنیان له شوێنی دیكه، پلانێكی نادیراسهكراوه و وا پێناچێت به جددیەوە مامهڵهی لهگهڵدا كرابێت.
ئهیهوود باراك گوتیشی: "پێشنیازهكه واقعی نییە و له خهیاڵ دهچێت، وهكوو باڵۆنێك وایه بۆ تاقیكردنهوه ههڵبدرێت، یانیش ههوڵێكه ترهمپ مهبهستیهتی نیشانی بدات كه پشتگیریی له ئیسرائیل دهكات.
لەوبارەوە مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە ڕاگەیەنراوێکدا باس لەوە دەکات؛ فەڵەستینییەکانی کەناری ڕۆژئاوا بەهیچ شێوەیەک ڕێگەنادەن لە کەرتی غەززە جیاببەنەوە و غەززە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە خاکی فەڵەستین سەیر دەکەن.
مەکتەبی سیاسی حەماس باس لەوەش دەکات، ئیدارەی گەلی فەڵەستین سەردەکەوێت و خەڵک مل بۆ سیاسەتی ڕاگواستنی ئیسرائیل دانادا، هەروەها ڕووبەڕووی پلانی داگیرکەر دەبنەوە هەموو جۆرە قوربانییەک لەم پێناوەدا دەدەن.