تەرم و ئێسکوپروسکی فەڵەستینییەکان دوای کشانەوەی ئیسرائیل لە نەتساریم دۆزرانەوە

ڕێڕەوی نەتساریم
ڕێڕەوی نەتساریم

دوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە ڕێڕەوی نەتساریم، تەرم و ئێسکوپروسکی ژمارەیەک هاووڵاتیی فەڵەستینی دۆزرانەوە، کە دیمەنەکان بە شێوەیەک سامناک بوون، جیهانی تووشی شۆک کردووە.

یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، ئاژانسی هەواڵی شیهابی فەڵەستینی بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل لە ڕێڕەوی نەتساریم کشایەوە، ئاوارەکان دەستیان بە گەڕانەوە کرد لە باشوورەوە بەرەو باکووری کەرتی غەززە و گەڕانەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.

بە پێی ئاژانسە فەڵەستینییەکە، تەرم و ئێسکوپروسکی ژمارەیەک هاووڵاتی لە ڕێڕەوی نەتساریم دۆزرانەوە کە دیمەنەکانی بە شێوەیەک سامناک بوون جیهانی تووشی شۆک کردووە.

لە چوارچێوەی مەرجەکانی ڕێكکەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حەماس، ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی لە ڕێڕەوی نەتساریم، ئەم ڕێڕەوە باشوور و باکووری غەززە لە یەکدی جیا دەکاتەوە.

لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی فەڵەستین ڕایگەیاند، هاتووچۆ لە شەقامەکانی سەڵاحەددین و ڕەشید بەبێ هیچ گۆڕانکارییەک وەک خۆی دەمێنێتەوە، هەروەها ئۆتۆمبێلەکان پێش ئەوەی ڕێگەیان پێبدرێت بە شەقامی سەڵاحەددین تێپەڕن، پشکنینیان بۆ دەکرێت، لە بەرانبەردا شەقامی ڕەشید تەنیا بۆ هاتووچۆی پیادە ڕێگەپێدراوە و بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێل ڕێگەپێدراو نییە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر ئەو دوو شەقامە بە تەواوی بکرێنەوە و هاتووچۆکردنی پیادە و ئۆتۆمبێل پێیدا ئاسیی بێت، ئەوابە فەرمی ڕادەگەیەنرێت، داواش لە هاووڵاتیان دەکات لە کاتی هاتووچۆکردنیان بەو دوو شەقامە ئاگاداری خۆیان بن بە مەبەستی دڵنیابوون لە سەلامەتییان.