بەفر هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی وان و ئاگری پەکخست

 بەهۆی زۆری بەفربارینەوە رێگای هاتوچۆ لە نێوان پارێزگاکانی وان و ئاگری لە باکووری کوردستان پەکیکەوت و نزیکەی 70 ئۆتۆمبێل بەهۆی بەفربارینەوە لە رێگەکەدا گیریان خوارد.

ئەمڕۆ هەینی، 6ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی میدیاکانی تورکیا بەهۆی بارینی بەفری زۆر لە رێگەی سەرەکیی نێوان شارۆچکەی چاڵدیرانی لە پارێزگای وان و شارۆچکەی دووبایزیدی لە پارێزگای ئاگری هاتوچۆ پەکیکەوتووە و ئەو شۆفێرانەشی گیریان خواردبوو، دوای کارەکردنی تیمەکان بۆ کردنەوەی رێگەکە رزگار کران.

بە گوتەی شایەتحاڵەکانیش، نزیکەی 70 ئۆتۆمبێل بەهۆی بەفربارینەوە لە رێگەکەدا گیریان خواردبوو، بەڵام بەهەوڵی تیمەکانی بەفرڕاماڵین و فریاکەوتن رزگار کراون.

رێگەی سەرەکیی چاڵدیران - دووبایزید، یەکێکە لە رێگە سەرەکییە سەختەکان دادەندرێتی و پارێزگای وان بە پارێزگای ئاگرییەوە دەبەستێتەوە، بەرپرسانیش هۆشداریی بەو شۆفێرانە دەدەن لە ناوچەکەدا گەشت دەکەن، بۆ ئەوەی ئاگاداری گۆڕانکارییە لەناکاوی کەشوهەوا و بەفربارین بن، هەروەها پێویستە کەرەستەی زستانە لە ئۆتۆمبیلەکانیاندا هەبێت.

پارێزگاکانی وان و ئاگری بە زستانی درێژ و دژوار بەناوبانگن؛ وەرزی بەفربارین و بەستەڵەک لەم ناوچە سنوورییە شاخاوییانەدا زۆرجار لە مانگی تشرینی دووەمەوە دەستپێدەکات و تا مانگەکانی نیسان و ئایار بەردەوام دەبێت، زۆرجار ئەستووری بەفر لە ناوچە بەرزەکاندا دەگاتە زیاتر لە مەترێک.