کەسوکارى پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانى سەنگەر لە کرێى خوێندن دەبەخشـرێن

وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایگەیاند، هاوسەر و منداڵی پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەر، لە کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران دەبەخشرێن.

یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە نووسراوی ژمارەی (2889) بڕیارێکی لە بەرژەوەندیی کەسوکارى پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانى سەنگەر دەکرد و گشتاندنی پێ کرد بۆ سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.

لە نووسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵادا هاتووە، پاڵپشت بە ماددەى حەوتەم، خاڵى چوارەم لە یاساى خانەنشینى کەمئەندامانى پێشمەرگە ژمارە (34)ى ساڵى 2007، تایبەت بە مافى فێرکردنى بە خۆڕایی بۆ هاوسەر و منداڵی پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەر، ئەم بڕیارە دەرکراوە.

هەر بە پێی نووسراوەکە، لێخۆشبوون لە کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران بۆ ئەو قوتابییانەی کە کەسوکارى پێشمەرگە کەمئەندامبووەکانی سەنگەرن دەکرێت، بە مەرجێک بەڵگەنامەى پێویست بۆ ئەم مەبەستە پێشکەش بکەن.