ئێران: تا مەرجەکانمان جێبەجێنەکرێت گەرووی هورمز ناکەینەوە

 فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران بە بۆنەی رۆژی هێزی دەریایی ستراتیژیی سوپاوە رایگەیاند، گەرووی هورمز تا دابینکردن و بەدیهێنانی مەرجەکانی ئێران بە داخراوی دەمێنێتەوە.

شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەمیر حاتەمی،  فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، هێزی دەریایی سوپا لە گۆڕەپانەکانی بەرگریی  نیشانی داوە کە بۆ بەرگریکردن لە یەکپارچەیی خاکی وڵات و یەکگرتوویی ئێران، ئامادەی گیانفیدایی و خۆبەخشییە و بەبێ دوودڵی رووبەڕووی هەر دوژمنێک دەبێتەوە کە دەستدرێژی بکاتە سەر وڵاتەکە.

بە گوتەی فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران، هێزی دەریایی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هاوڕێیەتیی هێزە چەکدارەکانی دیکە بەرەوڕووی  خۆبەزلزانانی جیهان بووەتەوە، هاوکات، لاوازی و داماویی دوژمنی لە گەرووی هورمز و دەریای عوماندا دەرخستووە و تاڵیی شکستە یەک لە دوای یەکەکانی لە گۆڕەپانی دەریاییدا بە دوژمن چەژاندووە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەمیر حاتەمی لەگەڵ پێزانینی بۆ ئەندامانی هێزی دەریایی لە ئەرکی داخستنی ئەو گەرووە ستراتیژییەدا، دووپاتی کردووەتەوە کە بە پشتیوانیی خەڵک و لە ژێر رێبەرایەتی رێبەری باڵای وڵاتەکەی، گەرووی هورمز تا جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێران بە داخراوی دەمێنێتەوە.

ئەم لێدوانەی فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان لە ناوچەکە گەرووی هورمزیان کۆنترۆڵ کردووە و هیچ باجێک بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان لە ئارادا نییە.

سێنتکۆم روونیکردەوە، هەوڵەکانیان ئازادیی هاتوچۆی دەریایی لەو رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەدا گەڕاندووەتەوە. جەختیکردەوە، سەرەڕای دەستدرێژییە بێ بنەماکانی ئێران، هەزاران کەشتی و ملیاران بەرمیل نەوتی خاو بە ئازادی و سەلامەتی لەژێر پاراستنی ئەمریکادا بە گەرووەکەدا تێپەڕیون.

هاوکات فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند ئەو بانگەشە نادروستانەی لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لەلایەن فەرماندەیەکی سەربازیی ئێرانەوە سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکا بڵاوکراونەتەوە.

سێنتکۆم لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی: "بانگەشە: سوپای ئەمریکا دوو کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی دزیوە و هێزی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە کاتێکدا کە سەربازە ئەمریکییەکان خەوتبوون، کەشتییەکانیان گێڕاوەتەوە". بەڵام فەرماندەییەکە دەڵێت: راستییەکە ئەوەیە ئێران ئیتر هێزی دەریایی نەماوە و ئەو وەسفەی ئەو فەرماندە سەربازییە کردی، درۆیەکی هەڵبەستراوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا سەبارەت بە بانگەشەیەکی دیکەش نووسی: "بانگەشە: هێزی دەریایی ئێران چەند مانگێک لەمەوبەر هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی یو ئێس ئێس ئابراهام لینکۆڵن، ئەمەش هێزەکانی ئەمریکای ناچار کردووە داوای هاوکاری لە وڵاتانی ناوچەکە بکەن بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژەی گواستنەوە". 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، راستییەکە ئەوەیە گرووپی فڕۆکەهەڵگرەکە بە تەواوی پارێزراوە و هەرگیز لەلایەن ئێرانەوە هێرشی نەکراوەتە سەر، هەروەها گرووپەکە دوای تەواوکردنی ئەرکێکی سەربازیی سەرکەوتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مانگی رابردوو بە سەلامەتی گەڕایەوە ئەمریکا.