بانکەکانی عێراق پابەند دەکرێن بە کردنەوەی هەژمار بۆ بازرگانانی بچووک

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، رێنمایی دەرکرد سەرجەم بانکە کاراکانی نێو عێراق پابەند بکرێن بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ بازرگانانی بچووک و رەتنەکردنەوەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان پێیان، هاوکات هۆشداریی گرتنەبەری رێکاری چاودێری و سزای دارایی بۆ بانکە سەرپێچیکارەکان دا.

شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، نزار ناسر حوسێن، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، رێنمایی دەرکرد بە پابەندکردنی بانکە کاراکانی نێو عێراق بە کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ بازرگانانی بچووک و خۆنەدزینەوە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە بانکییەکان بۆیان.

نووسینگەی راگەیاندنی بانکەکە، لە راگەیەنەراوێکدا رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکە رێنمایی دراوە بە ئاسانکردنی رێکارەکانی کردنەوەی هەژمار و کاراکردنیان، سەرەڕای ئاسانکاریکردن بۆ حەواڵە دەرەکییەکان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی بانکەکان لە جێبەجێکردنیاندا، لەگەڵ پابەندبوونی بانکی ناوەندیی عێراق بە دابینکردنی پاڵپشتیی دارایی پێویست بۆ پڕکردنەوەیان.

بە پێی راگەیەنراوەکە، بانکی ناوەندیی عێراق داوای لە سەرجەم ئەو بازرگانانە کردووە کە مەرجە تایبەتەکانی کردنەوەی هەژمار و ئەنجامدانی حەواڵەی دەرەکییان تێدایە و بەبێ پاساوی یاسایی رووبەڕووی رەتکردنەوەی کردنەوەی هەژمارە بانکییەکانیان، رایینەکردنی مامەڵەکانیان یان پەکخستنی حەواڵەکانیان بوونەتەوە، سکاڵاکانیان لە رێگەی سەکۆی فەرمیی سکاڵاکانی بانکی ناوەندیی عێراقەوە پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگیرێتە بەر و بەدواداچوون بۆ بانکە پەیوەندیدارەکان بکرێت.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەم رێنماییانە لە چوارچێوەی سیاسەتی بانکی ناوەندیدا دێن کە ئامانجی فراوانکردنی بازنەی مامەڵەکردنە لە رێگەی کەناڵە بانکییە فەرمییەکانەوە و مسۆگەرکردنی دادپەروەرییە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان.