دادگەی فیدراڵی وردبینی لە سکاڵای دژی سێ یاسا ڕاگیراوەکە دەکات

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

دادگەی فیدراڵی 11ـی ئەم مانگە وردبینی لە سکاڵای دژی یاسای لێبوردنی گشتی و  یاسای هەمواری باری کەسێتی و گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەن موڵکەکان دەکات.

دادگەی فیدراڵی لەبەرنامەی کاری خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، رۆژی 11ـی ئەم مانگە وردبینی و بەدواداچوون بۆ سکاڵای دژی سێ یاسای مشتومڕهێنەر دەکەن، ئەوانیش بریتین لە یاساکانی لێبوردنی گشتی، گەڕانەوەی موڵک بۆ خاوەن موڵکەکان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی بەعس، ئەمە لەگەڵ یاسای باری کەسێتی.

ئەمە لەکاتێکدایە، هەرسێ یاساکە 21ـی مانگی رابردوو بەیەک پاکێج لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر درا، دواتر چەند پەرلەمانتارێک سکاڵایان دژی یاساکان تۆمارکرد، بەو هۆیەوە دادگەی فیدراڵی بە فەرمانێکی وەلائی جێبەجێکردنی یاساکانی ڕاگرت.

21ـی کانوونی دووەمی 2025ـ پەرلەمانی عێراق بەپێی بەرنامەی کاری خۆی لە بڕگەی یەکەمدا دەنگی لەسەر پرۆژە یاسای پێشنیازی باری کەسی ژمارە(188)ـی ساڵی 1959 بۆ هەردوو ماددەی(2 و 10) دا، بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەش کرایە دەنگدان لەسەر ماددەی(5)ـی پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان و دەنگی لەسەر درا، لە بڕگەی سێیەمیشدا، دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای هەموواری دووەمی لێبووردنی گشتی ژمارە(27)ـی ساڵی 2016 درا.