تەنیا لە مانگی ڕابردوودا 92 بوومەلەرزە لە عێراق و ئێران و تورکیا تۆمار کراون

دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانییی سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، تەنیا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا 92 بوومەلەرزەیان تۆمارکردووە.
یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، لە ڕاپۆرتێکدا وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لە مانگی ڕابردوو تەنیا لە ناوخۆی عێراق 62 بوومەلەرزە ڕوویانداوە، هەروەها 30 بوومەلەرزەش لە وڵاتانی دراوسێ تۆمار کراون، کە 22ـیان لە ئێران و 8ـیش لە تورکیا ڕوویانداوە.
لەبارەی ڕوودانی بوومەلەرزەکان، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕوونی دەکاتەوە، لە خانەقین لە سنووری پارێزگای دیالە 43 بوومەلەرزە و لە پارێزگای نەینەوا پێنج، لە هەولێر پێنج و لە سلێمانی چوار بوومەلەرزە ڕوویانداوە.
هەروەها بە پێی ڕاپۆرتەکە، دوو بوومەلەرزە لە پارێزگای میسان و دووانی دیکە لە قەزای حەویجە لە سنووری پارێزگای کەرکووک و بوومەلەرزەیەکیش لە دهۆک ڕوویانداوە.