دوو گۆڕی بەکۆمەڵی کۆچبەران لە لیبیا دۆزرانەوە

کاربەدەستانی لیبیا دۆزینەوەی نزیکەی 50 تەرمیان لە دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە بیابانی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕاگەیاند.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی لیبیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد "یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵ کە 19 ڕوفاتی تێدا بووە، لە ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە کێلگەیەکی شاری کوفرە لە باشووری ڕۆژهەڵات دۆزراوەتەوە." ئاماژەی بەوەش کرد، تەرمەکان ڕەوانەی دادپزیشکی کراون بۆ توێکاری.

کۆمەڵەی خێرخوازیی عابرین کە هاوکاری کۆچبەران لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی لیبیا دەکات، ڕایگەیاند، هەندێکیان بە گوللـە کوژراون دواتر نێژراون.

محەممەد فەزیڵ، بەرپرسی ئاسایشی شاری کوفرە گوتی: دوای هەڵکوتانە سەر شوێنی قاچاخچییەکان، گۆڕێکی بەکۆمەڵیان دۆزیوەتەوە کە لانی کەم 30 تەرمی تێدا بووە. 

گوتیشی: نزیکەی 70 کەس لە گۆڕەکە بەخاک سپێردراون،ئێستەش دەسەڵاتداران سەرقاڵی گەڕانن لە ناوچەکەدا.

بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە سێ هەزار کۆچبەر کە بە بەلەمی کۆن و خراپ بە دەریای ناوەڕاستدا بەرەو ئەورووپا چوون، گیانیان سپاردووە.

عیماد تەرابلسی وەزیری ناوخۆ لە "حکوومەتی کاتی یەکێتی نیشتمانی"، ڕایگەیاند، زیاتر لە سێ ملیۆن کۆچبەری نایاسایی هاتوونەتە لیبیا، ئەمەش کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر وڵاتەکە، هەروەها ژمارەی ئەو کۆچبەرانە کاریگەری نەرێنی لەسەر هاووڵاتییانی لیبی لە کەرتی خۆراک و تەندروستیدا دروستکردووە.