سلێمانی.. دانیار هۆشەنگ پڕۆژەی هونەری "دەنگی بێدەنگ" رادەگەیەنێت

دانیار هۆشەنگ، شێوەکاری کورد، لە رێگەی پڕۆژەیەکی هونەری بەناوی "دەنگی بێدەنگ"، جیهانێکی شاراوەی وشە و زمان و ناسنامە دەخاتە بەردەم بینەران؛ ئەزموونێکی هونەری  تێیدا رووناکی، تاریکی و وشەکان دەبنە زمانی دەربڕینی بیر و هەستە شاراوەکانی مرۆڤ.

هەینی، 6ی تشرینی دووەمی 2026، دانیار هۆشەنگ، شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزراوە کە زمان لە ناخی مرۆڤدا بونیاد دەنرێت، بەڵام لەم کارەدا وشەکان لە مانا فەرهەنگییە باوەکانیان دوور دەخرێنەوە و دەگۆڕدرێن بۆ شێوەیەکی ئەبستراکتی و هونەری، تەنیا لە تاریکیدا خۆیان دەردەخەن."

دانیار هۆشەنگ سەبارەت بە گرنگیی ئەو پڕۆژە هونەرییە گوتی، "من لەم کارەدا وشەکان بە شێوەیەکی تایبەت بە رەنگی فسفۆڕی و رووناکییەکی تایبەت پیشان دەدەم؛ بە جۆرێک  بینەر تەنیا کاتێک دەتوانێت ئەو وشانە ببینێت کە رووناکییە دەستکردەکانی ژیانی رۆژانە دەکوژێنەوە. ئەم تەکنیکەش  ئاماژەیە بۆ ئەو لایەنە شاراوەیەی ناوەوەی مرۆڤ، زۆرجار لە ژێر رووناکی و شڵەژاوی ژیانی رۆژانەدا ون دەبێت."

ئەو شێوەکارە باسی لەوەش کرد، "پڕۆژەی "دەنگی بێدەنگ"، تەنیا پڕۆژەیەکی بینراو نییە، بەڵکو هەوڵێکی هونەرییە بۆ ئەوەی بینەر رووبەڕووی ئەو راستییە ببێتەوە کە ناسنامەی مرۆڤ لە کۆمەڵێک پارچە و وشە و ئەزموونی وەرگیراو لە دەوروبەری پێکهاتووە؛ ئەو شتانەی پێش ئەوەی ببنە مانا، لە ناخی مرۆڤدا دەبنە بەشێک لە جەستە و ناسنامەی."

سەبارەت بە تەکنیکی بیرۆکەی پڕۆژە هونەرییەکە، دانیار هۆشەنگ دەڵێت، "لە رووی تەکنیکییەوە، لەم پڕۆژەیەدا رەنگی فسفۆڕی و گڵۆپی ئەشیعەی ماوەبنفش بەکارهاتوون، هەروەها بۆ داپۆشینی رووبەری شوێنەکە کانڤاسێک بە رووبەری 145 مەتر چوارگۆشە بەکارهاتووە."

دانیار هۆشەنگ ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم کارەی من نموونەیەکە لەو هەوڵە هونەرییانەی کە لە رێگەی تێکەڵکردنی رەنگ، رووناکی و بیرۆکە، سنووری نێوان بینین و هەستکردن تێدەپەڕێنن و بینەر بانگهێشت دەکەن بۆ خوێندنەوەیەکی قووڵتر لە زمان و ناسنامەی مرۆڤ."

پڕۆژەی هونەری "دەنگی بێدەنگ"، رۆژی پێنجشەممە، 5ی تشرینی دووەمی 2026، لە گەلەری ئێستا لە سلێمانی کرایەوە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.