هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هۆشداری سەرهەڵدانەوەی داعش دەدەن

هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هۆشداری دەدەن لەوەی لە ئەگەری بڕینی هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ سووریا، دووبارە داعش سەرهەڵبداتەوە و کاریگەریی خراپی بۆ سەر گوزەرانی دانیشتوانی کەمپەکان دەبێت. 

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بڵاوی کردووتەوە  "ئەگەر بڕینی هاوکارییەکانی ئەمەریکا لە سووریا بچێتە واری جێبەجێ کردنەوە ئەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ناوچەکەدا."

هەروەها ڕۆژنامەکە ئاماژەشی داوە، بڕینی هاوکارییەکانی ئەمەریکا، کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر گوزەرانی دەیان هەزار ئاوارەی کەمپەکانی باکووری سووریا، دەبێت.

جیهان حەنان، بەڕێوەبەری کەمپی هۆڵ لە باکووری سووریا گوتی: نازانم چی ڕوو دەدات، پێ دەچێت تەنانەت دابینکردنی نانیش لە کەمپەکەمان ڕابگیرێت.

ڕۆژنامە بەریتانییەکە ئەوەشی خستووتە ڕوو، زۆربەی دانیشتوانی کەمپی ڕۆژ و هۆڵ  ژن و منداڵن، کە بەشی زۆریان خانەوادەی داعشن، بەڵام بەبێ تۆمەت دەستبەسەر کراون؛ گرووپەکانی مافی مرۆڤیش نیگەرانن لەوەی دانیشتوانی کەمپەکان لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین و هاوکارییە مرۆییەکانیان پێ ناگات.

بلومۆنتی ئەمەریکی، گرووپێکی هاوکاریی مرۆییە، بەرپرسیارە لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ دوو کەمپ بە ناوەکانی هۆل و ڕۆژ لە سووریا کە داعشی تێدا زیندانی کراون، لە 24ی کانوونی دووەمی 2025 لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە فەرمانی وەستاندنی کارەکانی لەو دوو کەمپە پێ گەیشتووە.