پۆلیسی هەولێر دانپێدانانی شۆفێرێکی 'عەلی حەمەساڵح'ـی بڵاو کردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، 11-02-2025، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا دانپێدانانی کەسێکی بڵاو کردەوە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شۆفێریی بۆ عەلی حەمەساڵح کردووە تاوەکوو خەڵکی هەرێمی کوردستان هان بدات ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێک بدەن. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە هەندێک لە پلاتفۆرمە نەیار و دژبەرەکانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی چەواشەکاری و هاندانی خەڵک و تێکدانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک وێنە و ڤیدیۆ و زانیاریی نادروست بڵاو کرانەوە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر، دوای بەدواداچوونی ورد و لێکۆڵینەوە، گەیشتنە دەرەنجام و هەندێک لەو کەسانەی کە هانی ئەو هەڵمەتە ناڕەوا و نابەجێیانەیان دەدا، دەستنیشان بکرێن."

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە "لە سەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، یەکێکیان دەستگیر کراوە کە ناوی ئادەم عوسمان سلێمانە و ڕۆژی یەکشەممە 9ی ئەم مانگە شۆفێریی بۆ عەلی حەمەساڵح پەرلەمانی کوردستان کردووە کە دیمەنی چەند شوێنێکی گرتووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بڵاو کردووەتەوە و شۆفێرەکەش لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ڕاستیی بابەتەکە دەگێڕێتەوە."