کوردستان24 تەڵە و بۆمبەکانی نێو پڕۆژە یاسای بودجە دژی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات
بەگوێرەی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027، پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 12.7% لە کۆی "خەرجیی ڕاستەقینە" دیاری کراوە، لە پاڵ ئەوەشدا چەندین مەرج و پابەندیی قورسی دارایی، نەوتی و یاسایی لەسەر شانی هەرێمی کوردستان جێگیر کراون، لەوانە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 12 ترلیۆن دینار و سنووردارکردنی دەسەڵاتی واژۆکردنی گرێبەستە نەوتییەکان.
بەپێی بڕگەکانی ڕەشنووسەکە، پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7% لە کۆی خەرجییە ڕاستەقینەکان (الانفاق الفعلي) بە خەرجییەکانی سەروەری و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانەوە دیاری کراوە، ئەمەش دوای لێدەرکردنی خەرجییە سەروەرییەکان لە بودجەی گشتیی فیدراڵ.
گەڕاندنەوەی 12.7 ترلیۆن دینار و قەرزەکانی TBI
لە رەشنووسەکەدا هاتووە کە کۆی قەرز و پابەندییە داراییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی (2004 تا 2026) بە 12.7 ترلیۆن دینار دیاری کراوە. بەپێی بڕگەکە، هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت لە ماوەی سێ ساڵدا ئەو بڕە پارەیە بگەڕێنێتەوە.
هاوکات ئەو باڵانسەی کە لە ئەستۆی هەرێمی کوردستان ماوەتەوە لە بانکی بازرگانیی عێراق (TBI)، وەزارەتی دارایی فیدراڵ مانگانە بە شێوەی قیست لە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان دەیبڕێت و لە ساڵی دارایی 2027ـەوە دەست پێ دەکات و دەبێت لە ماوەی سێ ساڵدا کۆی پارەکە یەکلایی بکرێتەوە.
رادەستکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوت و بەکارهێنانی ناوخۆیی
پەیوەست بە دۆسیەی نەوت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە ڕادەستکردنی رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، ئەمەش بەپێی داتای مانگانەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و بە ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوت و دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ.
لە ئەگەری بەردەوامبوونی راگرتنی هەناردەکردن لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە یان هەر کێشەیەکی دیکە، هەرێمی کوردستان پابەند دەبێت ئەو بڕە نەوتە دیاریکراوە (400 هەزار بەرمیل) رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکات بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی.
دۆسیەی گازی زیادە و قەدەغەکردنی گرێبەستە نوێیەکان
لە بەشێکی دیکەی رەشنووسەکەدا مەرج دانراوە کە هەرێمی کوردستان هەر گازێکی زیادە لە پێویستیی ناوخۆ بەرهەم بهێنێت، دەبێت ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکات، بە پێچەوانەوە بەهای ئەو گازە لە پشکی هەرێم دەبڕدرێت.
هەروەها بەپێی دەقەکە، هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی نابێت هیچ گرێبەستێکی نوێ لەگەڵ کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانییەکان لە کەرتی وەبەرهێنانی نەوت و گاز و بەگەڕخستندا واژۆ بکات، تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت.
داهاتی نانەوتی و مەرجی تەمویلکردن
سەبارەت بە داهاتی ناوخۆ، هەرێمی کوردستان پابەند دەکرێت بە رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە گەنجینەی گشتیی فیدراڵ بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2019، ئەمەش دوای وردبینیی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق و هەرێم.
لە کۆتایی بڕگەکانی ڕەشنووسەکەدا هاتووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ پابەند دەبێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم تەنها دوای ناردنی (تەرازووی پێداچوونەوە)ی مانگانە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە و ئەنجامدانی دەستکارییە ژمێریارییەکان و بڕینی سەرجەم ئەو شایستە و قەرزانەی لە بڕگەکانی سەرەوەدا دیاری کراون.