ڤۆن دێر لاین: یەکێتیی ئەورووپا بە ڕێوشوێنی توند وەڵامی باجەکانی ئەمەریکا دەداتەوە

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند، یەکێتیی ئەورووپا بەداخە لە سەپاندنی باج لەسەر هەناردەکردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆم لە ئەورووپاوە.
سەرۆکی کۆمیسیۆن جەختی لەوە کردەوە یەکێتیی ئەورووپا بە ناچاری بە ڕێوشوێنی توند وەڵامی ئەمە دەداتەوە.
ڤۆن دێر لاین گوتیشی: "زۆر بەداخم لە بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی باج لەسەر هەناردەکردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆم لە ئەورووپاوە؛ ئەم باجانە ناڕەوان دژی یەکێتیی ئەورووپان و بێوەڵام نامێننەوە.
دوێنێ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، فەرمانێکی جێبەجێکردنی ئیمزا کرد، کە باجی 25%ی لەسەر هەموو هاوردەکردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆم بۆ ئەمەریکا سەپاند.
ترەمپ لەکاتی ئیمزا کردنی بەڵگەنامەکەدا گوتی: ئەمە شتێکی گەورەیە، سەرەتای پرۆسەیەکە کە جارێکی دیکە ئەمەریکا دەوڵەمەند دەکات.
دوێنێ پۆلیتیکۆ، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، حکوومەتی بەریتانیا داوای ڕوونکردنەوە لە واشنتن دەکات سەبارەت بە بڕیارەکەی ترەمپ بۆ سەپاندنی باج لەسەر هاوردەکردنی پۆڵا و ئەلەمنیۆم. کۆمەڵەی پیشەسازیی پۆڵا لە بەریتانیا هۆشداریی دەدات لەوەی بڕیارەکەی ترەمپ بۆ سەپاندنی باج لەسەر هاوردەکردنی ئەلەمنیۆم و پۆڵا گورزێکی وێرانکەر دەبێت بۆ کەرتی پیشەسازیی پۆڵا.
پێشتر ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاندبوو، نابێت سەرۆکی ئەمەریکا بە هەڕەشەی سەپاندنی باج، زیان بە ئابووریی یەکێتیی ئەورووپا بگەیەنێت، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندیی واشنتندا نییە.
یەکشەممەی ڕابردوو ئۆلاف شۆڵز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت "لە ماوەی یەک کاتژمێردا هەنگاو بنێت" ئەگەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا باج لەسەر کاڵا ئەورووپییەکان بسەپێنێت.
لە 20ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ دەست بەکار بوو، لەگەڵ دەست بەکاربوونیدا، کۆمەڵێک بڕیاری لە بەرژەوەندیی ئەمەریکا دەرکرد، یەکێکیش لە بڕیارەکان سەپاندنی باج بەسەر مەکسیک و کەندا و چین بوو.