قوباد تاڵەبانی لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت: هەنگاوی باشمان بڕیوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، پارتی و یەکێتی هەنگاوی باشیان بۆ پێكهێنانی کابینەی دەیەم بڕیوە و مەبەستیانە باشترین حکوومەت پێک بهێنن.  

سێشەممە، 11-02-2025، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلالە؛ لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی لووتکەی حکوومەتەکان لە ئیمارات، لە لێدوانێکی تایبەتدا، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری عەممار نەجمەددین، نێردراوی کوردستان24ـی دایەوە. 

لەبارەی گفتوگۆکانی تایبەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تاڵەبانی گوتی: "نووسراوێکی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا (پارتی و یەکێتی) ئامادە کراوە، بەڵام پێموایە لە ماوەی ڕابردوودا دەزگاکانی ڕاگەیاندن کەمێک پەلەیان کرد کاتێک گوتیان، ڕێککەوتن. خوزگە لێرە بمگوتبایە، ڕێککەوتووین! نەخێر، جارێ نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن، بەڵام هەنگاوی باشمان بڕیوە."

بە گوتەی قوباد تاڵەبانی، نووسراوەکە لە سێ جۆر بابەت پێک هاتووە و بەسەر سێ خانەدا دابەش کراون:

1.    ئەو بابەتانەی هەردوولا لەسەریان هاوڕان و گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. 

2.    ئەو بابەتانەی ڕێککەوتنی سەرەتاییان لەسەر کراوە، بەڵام پێویستییان بە ئالییەتێکی داڕێژراوە بۆ ئەوەی قابیلی جێبەجێکردن بن.

3.    ئەو خاڵانەی ناکۆکییان لەسەرە و هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی لەسەری ڕێک نەکەوتوون. 

لێپرسراوی مەکتەبی سکرتارییەتی مام جەلال دووپاتیشی کردەوە "وەکوو یەکێتی مەبەستمانە بە زووترین کات حکوومەتێک پێک بێت، ئەمە وەکوو دیدگای سەرەکیی ئێمە و ئاراستەش کراوین، حکوومەتێک پێک بهێنین، بەڵام دەبێت حکوومەتێک پێک بهێنین، باشترین جۆری حکوومەت بێت، باشترین شێوازی حووکمرانی هەبێت. ئەمەش پێویستی ڕێککەوتنێکی قووڵ و لێکگەیشتنێکی قووڵ و ئالییەتی جێبەجێکردنێکی توکمە لەنێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان، کە پارتی و یەکێتین هەیە."

ئەمە لە کاتێکدایە، لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 20-10-2024 کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەست هێنا.