سەرۆک وەزیران و ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ھاریکاریی وڵاتانی کەنداو جەختیان لە مافەکانی گەلی کورد لە سووریا کردەوە

سێشەممە، 11ـی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ جاسم محەممەد ئەلبدێوی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ھاریکاری وڵاتانی کەنداو کۆ بووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەت ئامادەی بوو، جەخت لە پێشخستنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کرایەوە، لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و بە ئاراستەی گەشەپێدانی ناوچەکە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گۆڕانکارییەکانی دۆخی گشتیی سووریا تاوتوێ کرا و هەردوولا هاوڕابوون لە سەر پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایشی سووریا و ڕێزگرتن لە مافەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە.

 

دووشەممە، 10-02-2025، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، گەیشتە ئیمارات، بۆ بەشداریی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان کە لە دوبەی بەڕێوە دەچێت.

ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات بریتین لە: 

1.  قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. 

2. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار. 

3.  ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران. 

4.  ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران. 

لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ئەمڕۆ سێشەممە دەستی پێ کرد و تاوەکوو 13ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، لووتکەکە لە شاری دوبەی بەڕێوە دەچێت. بڕیارە لە پەراوێزی لووتکەکەدا، سەرۆک وەزیران زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان بکات.