سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆدەبێتەوە

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-02-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو (ئیمارات) کۆدەبێتەوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوەکوو ئێستە لە پەراوێزی لووتکەکەدا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان کردووە.
لەو دیدارانەدا، گفتوگۆ، لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵات و لایەنە بەشداربووەکانی لووتکەکە و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی هاوبەش، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانی و گەشەپێدان کراوە، ئەمە جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە.
لووتکەی جیهانیی حکوومەتەکان ڕۆژی سێشەممە، 11-02-2025، لە شاری دوبەی دەستی پێ کردووە و کارەکانی تاوەکوو سبەینێ پێنجشەممە، 13-02-2025، بەردەوام دەبن.
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ڕۆژی دووشەممە، 10-02-2025، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی حکوومی، بۆ بەشداریکردن لە لووتکەکە، گەیشتە ئیمارات و ئەمە چوارەم ساڵە لەسەر یەک، بانگهێشت دەکرێت.
ئەندامانی ئەو شاندەی یاوەریی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی دەکات بریتین لە:
1. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
2. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار.
3. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران.
4. ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران.