چەقۆلێدان و سووتاندن... کوشتنی ژنێک و سێ منداڵەکەی لە سووریا بە دڕندەترین شێوە
دوو تۆمەتبارەکە ناسیاویان بوون و لە ماڵەکەیان کاریان کردووە
K24 - هەولێر
رۆژی 30ـی حوزیەرانی 2020، ئەو رۆژەی خەڵکی شارۆچکەی بەیت سەحم لە سووریا لەبیری ناکەن، بەهۆی ئەوەی لەدوای روودانی تاوانێکی قێزەون خەبەریان بووەوە، کە تێیدا ژنێک و سێ منداڵەکەی بە چەقۆ کوژران و سووتێنران، باوکی منداڵەکانیش بریندارە و رەوشی تەندروستیی ناجێگیرە.
ژنەکە، هەردوو دەستی کەلەپچە کراوە، هەموو جەستەی شوێنەواری چەقۆیە و دوای کوشتنی سووتێنراوە، هەرسێ منداڵەکانیشی: بەشار لەدایکبووی 2009، هەیفا، لەدایکبووی 2011 و عەبدولرەحمان یاسر لەدایکبووی 2016 بە هەمان شێوە دەستیان بەستراوەتەوە و چەقۆیان لێدراوە و سووتێنراون.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، زانیاریی لەبارەی رووداوەکە ئاشکرا کردووە، وێنەی دوو تۆمەتباریشی بڵاوکردووەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا بڵاوی کردووەتەوە باپیری منداڵەکان هاتووەتە بنکەی پۆلیسی ناحیەی بیبلا و گوتوویەتی کوڕەکەی تەلەفۆنی بۆ کردووە و پێی گوتووە کەسێک بەناوی محەممەد و هاوڕێیەکی کە پێشتر لە ماڵەکەی کاریان کردووە، هاتوونەتە ماڵی، چەقۆیان لە منداڵەکانی داوە، دەستدرێژیی سێکسیان کردووەتە سەر ژنەکەی و بەچەقۆ لەویشیان داوە، دواتر ئاگریان لە ماڵەکەی بەرداوە و هەڵاتوون.
.jpg)
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ناسیاوی ئەو بنەماڵەیە باس لەوە دەکەن، ئەوانەی تاوانەکەیان ئەنجامداوە، بڕی چوار ملیۆن لیرە قەرزاری پیاوەکە بوون، یەکێکیان لە سوپایە و ئەوەی دیکەش لە بواری چاککردنەوەی کارەبای ئۆتۆمبێل کاردەکات.
لەدوای لێکۆڵینەوە، پۆلیسی شارۆچەکەکە بۆسەیان بۆ دوو تۆمەتبارەکە داناوە و دواتر محەمەد عومەریان دەستگیر کردووە لەکاتێکدا بەنیازبووە بەرەوە دەرەوەی دیمەشق هەڵبێت، دوای دەستگیرکردنیشی دانی بەتاوانەکەیدا ناوە. کەسەکەی دیکەش کە بەهەمان شێوە ناوی محەمەدە، لەکاتێکدا پۆلیسەکانی بینیوە، تەقەی کردووە و ویستوویەتی رابکات، بەڵام ئەویش دەستگیرکراوە.

دانپێدانانەکانی تۆمەتبارەکان
هەردوو تۆمەتبار دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و چۆنییەتی ئەنجامدانی تاوانەکەیان بۆ پۆلیس ئاشکرا کردووە و گوتووشیانە هەردووکیان پێشتر لەلای یاسر کاریان کردووە و ناسیویانە.
یاسر پیاوێکی دەوڵەمەند بووە، بەگوتەی دوو تۆمەتبارەکە، دوای ئەوەی چوونەتە ماڵەکەی بەبیانووی خواردنەوەی قاوەیەک، سەرەتا بە چەقۆ لە یاسریان داوە، دواتر دەستدرێژی سێکسیان کردووەتە سەر ژنەکەی و دەست و چاویان بەستووە و بە چەند چەقۆیەکیان لە جەستەی داوە، دواتر هەرسێ منداڵەکانیشیان بە چەقۆ کوشتووە، بڕێک پارەیان لە ماڵەکە دزیوە تاوەکو پۆلیس وابزانێت بۆ دزی چوون، دواتر ئاگریان لە ماڵەکە بەرداوە و هەڵاتوون.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێ یەکێک لە دراوسێکان کاتێک دووکەڵی بینیوە، لەگەڵ ژمارەیەک دراوسێی دیکە دەرگاکەیان شکاندووە و توانیویانە یاسر بە زیندوویی رزگار بکەن، دواتر منداڵەکان و دایکەکەشیان لە ماڵەکە دەرهێناوە، بەڵام ئەوان گیانیان لەدەستداوە. باوکەکە لەژیاندا ماوە، بەڵام رەوشی تەندروستیی زۆر خراپە.
سەرچاوە: ئەلعەرەبییە