پزیشکیان: دووژمنەکانمان ناتوانن لە دامه‌زراندنی پێگەی ئەتۆمی بمانوەستێنن

سەرۆک کۆماری ئێران دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی هێرشکردنە سەر پێگە ئەتۆمییەکانیان لەلایەن ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەگەر دووژمنانمان هێرش بکەنە سەر سەدان پێگەی ئەتۆمی، ئەوە ئێمە هەزاران لەوە دروست دەکەینەوە.

پێنجشەممە 13ـی شوباتی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند "لەوانەیە دووژمنەکانمان بتوانن هێرش بکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان، بەڵام ناتوانن لە دامه‌زراندنی پێگەی زیاتر بمانوەستێنن."

سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران گوتیشی: ئەوان هەڕەشەمان لێ دەکەن هێرش دەکەنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانمان، ئەگەر ئەوان هێرش بکەنە سەر سەدان دامەزراوە، ئەوە ئێمە هەزاران  دروست دەکەینەوە."

هەروەها ئاماژەشی به‌وه‌ كرد "دووژمنەکانمان دەتوانن دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکەنە ئامانج، بەڵام هەرگیز ناتوانن ئەو کەسانە بکەنە ئامانج کە کار لە دروستکردنی ئەو دامەزراوانە دەکەن."

ئەم لێدوانه‌ی پزیشکیان لە کاتێکدایە ئەمڕۆ، ڕۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاوی کردبووە، دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەری هەیە ئیسرائیل لە ناوەڕاستی ئەمساڵدا هێرش بکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.