نازدار نوێترین بەرهەمی خۆی بڵاو کردەوە

نازدار نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی "سەردان" بڵاو کردەوە.
هونەرمەند نازدار جەزیری، نوێترین بەرهەمی خۆی بڵاو کردەوە و لە پەیامێکیشدا دەڵێت: ئەم بەرهەمە پێشکەشە بە گیانی پاکی هونەرمەندی گەورەی کورد مامۆستا محەممەدی ماملێ و هەموو گوێگرانی هونەری ڕەسەنی کوردی. بەرهەمەکانی هونەمەندی نەمر مامۆستا ماملێ لای من تایبەتن، هیوادارم بەرهەمی "سەردان" جێگای خۆی لە دڵی هەواداران و گوێگرانی ئازیزدا بکاتەوە. سوپاس و پێزانین بۆ بنەماڵەی هونەرمەندی نەمر مامۆستا محەممەدی ماملێ.
سەردان، دەبێتە یەکەمین بەرهەمی فەرمی هونەرمەند نازدار لە ساڵی 2025دا، بەرهەمەکە پێک هاتووە لە سێ گۆرانی تایبەت لە بەرهەمەکانی هونەرمەندی نەمری گەورەی کورد مامۆستا محەممەدی ماملێ، هەریەکە لە گۆرانییەکانی (گوڵەکەم - چۆن لەسەفەر بووی؟! - وەرە سەر نەخۆشی دڵان).
ئەم بەرهەمە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن میرزا ئیزەدپەنا و ساسان سەمەدی، موزیکی بۆ ئامادە کراوە. هونەرمەند ڕابین هاوسەری خانمە هونەرمەند نازدار بەڕێوەبەری پڕۆژەکەیە، وەزیر خالید بەرهەمهێنەرە و سەرجەم ئامادەکاری و بەرهەمهێنانی بۆ کارەکە کردووە، ئەم بەرهەمە لەلایەن هاوبەش محەممەد بەشێوەی مۆشن گرافیک کاری بۆ کراوە، ڕەهێڵ شۆڕش لە باشووری کوردستان وێنەکانی هونەرمەند نازدار ی گرتووە، کە بەرهەمی نازدار پڕۆدەکشنە، لەسەر سەرجەم پلاتفۆرموکان و یوتوب کەناڵی فەرمیی نازدار بڵاو کراوەتەوە.