ئافرەتێکی ئیتاڵی فێڵ لە ئیمانداران دەکات

ڕۆژنامەی زە گاردیانی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، گیزیللا کاردیا، ئافرەتێکی ئیتاڵی، لە شارۆچکەی چیفیتافیکیا لە نزیک ڕۆما، بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە پەیکەری مریەمی پاکیزە لە کڵیسایەکی شارۆچکەکەدا، فرمێسکی خوێنینی هەڵڕشتووە! بەڵام پاش پشکنین دەرکەوت خوێنەکە هی گیزیللا خۆی بووە.
گیزیللا، پێش ئاشکرابوونی فێڵەکەی، سەدان ئیمانداری بۆ زیارەتی پەیکەرەکەی مریەمی پاکیزە و پاڕانەوە و نزاکردن، هێنابووە شارۆچکەکە.
ساڵی ڕابردوو، گێزیللا بانگەشەی ئەوەشی کردبوو کە پەیکەرەکە پەیامی تایبەتیی بۆ دەنێرێت؛ بەڵام دواتر دەرکەوت قسەکانی ئەو ئافرەتە سەرلەبەر درۆ بوونە.
هەندێ لەو کەسانەی فریوی قسە و بانگەشەکانی گیزیللایان خواردبوو، دەڵێن: ئەو، پێشتر سندووقێکی بۆ کۆکردنەوەی یارمەتیی لە ئیمانداران داناوە و پارەیەکی زۆری کۆ کردووەتەوە و گوتوویەتی بە نیازە ناوەندێکی پزیشکیی بۆ منداڵە نەخۆشەکانی شارۆچکەکە دروست بکات. بەڵام دواتر دەرکەوت هەموو پارەکانی بۆ خۆی بردووە.
دادگەیەکی ئیتاڵی ڕایگەیاند، لەوانەیە گیزیللا کاردیا، بە تۆمەتی فێڵ و تەڵەکە و فریودانی ئیمانداران زیندانی بکرێت.