جۆزێف عەون ئیدانەی ئاژاوەکانی سەر ڕێگەی فڕۆکەخانەی بەیروت دەکات

سەرۆکی لوبنان رایگەیاند، ئەوەی لەسەر ڕێگای فڕۆکەخانەی بەیروت ڕووی دا، ڕەفتارێکی قبووڵنەکراو و ئیدانەکراوە و ناتوانرێت ڕێگەی پێبدرێت دووبارە بکرێتەوە.

شەممە، 15ـی شوباتی 2025، جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان ڕایگەیاند "ئەوەی شەوی ڕابردوو لەسەر ڕێگای فڕۆکەخانە و لە هەندێک ناوچەی بەیروت ڕوویان دا، قبووڵنەکراون و ئیدانەی دەکەین." ئاماژەی بەوەش کرد "هێزە ئەمنییەکان چاوپۆشیی لە هیچ لایەنێک ناکات کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیری وڵات بدات."

سەرۆکی لوبنان دەڵێت: ئەوەی لەسەر ڕێگای فڕۆکەخانەی بەیروت ڕووی دا، ڕەفتارێکی قبووڵنەکراو و ئیدانەکراوە و ناتوانرێت ڕێگەی پێ بدرێت دووبارە بکرێتەوە

سەرکۆماری لوبنان جەنەراڵ جۆزێف عەون، پەیڕەوی لە پێشهاتەکانی پەیوەست بە بەربەستی ڕێگەوبان و ئاگرتێبەردان و ئاژاوەگێڕان کرد و ڕێنمایی بۆ سوپا و هێزە ئەمنییەکان دەرکرد، بۆ ڕاگرتنی ئەو کارانە و کردنەوەی هەموو ڕێگەکان و لابردنی ئاستەنگەکان لەسەر شەقامەکان.

هەروەها جەختی لەسەر پێویستی بەدواداچوون و دەستگیرکردنی ئەو کەسانە کردەوە کە ئاسایش تێک دەدەن، و ڕەوانەکردنیان بۆ دەسەڵاتی دادوەری. بەگوێرەی سەرۆکایەتیی لوبنان لێکۆڵینەوەی مەیدانی دەستی پێ کردووە.

عەون، ئیدانەی هێرشەکەی سەر کاروانی جێگری فەرماندەی یونیفیلی کرد و هەروەها سەردانی بریندارانی ڕووداوەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە، هێرشبەرەکان سزای خۆیان وەردەگرن.

داوای کرد نەکێشرێنە ناو بانگەوازە گوماناوییەکانەوە و جەختیشی لەوە کردەوە "دەربڕینی هەر هەڵوێستێک دەبێت ئاشتیانە بێت".

 
 
 
Fly Erbil Advertisment