نەمسا.. پەناخوازێکی سووری مێردمنداڵێکی کوشت و پێنج کەسیشی بریندار کرد

ڕۆژنامەی "زە سەن"ـی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، دوێنێ شەممە 15ـی شوباتی 2025، لە ناوەندی شاری فیلاخ، لە باشووری نەمسا، پەناخوازێکی سووریی تەمەن 23 ساڵ، لە ناکاو بە چەقۆ پەلاماری خەڵکی ناو مەیدانی سەرەکیی شارەکەی دا و لە ئەنجامدا مێردمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵیی کوشت و پێنج کەسی دیکەشی بریندار کرد.
پۆلیس یەکسەر گەیشتە جێی ڕووداوەکە و تاوانبارەکەیان دەستگیر کرد.
ڕاینەر دیونیسیو، گوتەبێژی پۆلیسی شاری فیلاخ، بە کەناڵی گشتیی تەلەڤزیۆنی نەمسا ORF ی ڕاگەیاند " ئەمە ڕووداوێکی یەکجار ترسناکە، تا ئێستە نازانین تاوانبارەکە بۆچی ئەو کارەی کردووە و ئایا بە تەنیا بووە یان کەسی دیکەشی لەگەڵ بووە؟ هەروا ئێمە لەوە دەکۆڵینەوە کە ئایا هێرشەکە کارێکی تیرۆریستی بووە یان نا؟"
هەفتەی پێشوو، کەسێک لە شاری میونشنی ئەڵمانیا بە ئۆتۆمبیلەکەی خۆی بە کۆمەڵێک خۆپێشاندەردا کێشا و لە ئەنجامدا کەسێک مرد و 28 کەسیش بریندار بوون دوو لە برینداربووەکان باری تەندروستییان تاکو ئێستا نا جێگیرە.
