وەزیری کارەبا: تاوەکوو کۆتایی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری هەموو کوردستان دەگرێتەوە

کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، کارەبای هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری.
دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025، وەزارەتی کارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێ، سیمپۆزیۆمێکیان لە ژێر ناونیشانی (ڕۆڵی سیستەمی وزەی خۆر وەک سەرچاوەی کارەبا لە کوردستان، ئاستەنگەکانی ئێستا و داهاتوو) بەڕێوە برد.
لە سیمپۆزیۆمەکە، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا گوتی: وەزارتی کارەبا بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و باشترکردنی کارەبایەکی بەردەوام و پاکڕاگرتنی ژینگەی کوردستان، بایەخێکی زۆر بە بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگای وزە نوێبووەکان دەدات.
وەزیری کارەبا، ئاماژەی بە پرۆژەی گەرمیان کرد کە توانای بەرهەمهێنانی 165 مێگاوات کارەبای بە گازی بەفیڕۆچووی کێڵگە نەوتییەکان هەیە، کرد و گوتی: پرۆژەی 37 مێگاواتی دیرەلۆک و کۆمباین سایکڵەکانی خورمەڵە و چەمچەماڵ و هەولێریش بەگازی بەفیڕۆچووی کێلگە نەوتییەکان بەرهەم دێت.
ڕوونیشی کردەوە، لەم کابینەیەدا 1700 مێگاوات کارەبا بەرهەم هێنراوە، تا ئێستا بۆ 1.4 ملیۆن هاوبەش پێوەری زیرەک بەستراوە، تا کۆتایی ساڵی 2026 پڕۆژەی ڕووناکیی 24 کاتژمێری، هەموو کوردستان دەگرێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: پرۆژەی ڕووناکی یەکێکە لە گرنگترین پرۆژەکانی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان، کە مەبەستمانە تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەینە 24 کاتژمێری