ماکرۆن لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەمەریکا و ڕووسیا توڕە بوو

دەستبەجێ، دوای کۆبوونەوەی هەردوو وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ئەمەریکا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لوتکەی ئەوروپا دەکات.

سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، هەردوو شاندی ئەمەریکا و ڕووسیا لە ڕیازی پایتەختی سعوودیە کۆبوونەوە، شاندی ئەمەریکا بەسەرۆکایەتی مارک ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە، شاندی ڕووسیاش بە سەرۆکایەتی سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە گفتوگۆی چەندین پرسی تایبەت بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و ڕووسیایان کرد، لەوانەش  کردنەوەی ناوەندە دیپلۆماسییەکان لەنێوان هەردوولادا، ئەو ڕێککەوتنەش ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسای توڕە کرد و وای لێکرد، بەپەلە داوای کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەوروپا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین و سکرتێری ناتۆ مارک ڕۆتەی کرد.

ئیمانوێل ماکرۆن داوای کردووە زۆر بەپەلە ئەو لوتکەیە ببەسترێت دوای کۆبوونەوەی هەردوو لایەنی ئەمەریکی و ڕووسی، ماکرۆن پێی وایە، ئەو ڕێککەوتنە نیازی پوتن و ترەمپ ئاشکرا دەکات بۆ ئاگربەست و کۆتایی هێنان بە جەنگ لە ئۆکرانیا کە بە دوورکەوتنەوەی ئەوروپا لە ئۆکرانیا کۆتایی دێت، دەشڵێت: ئەو دوو سەرکردەیە بڕیار لە چارەنووسی ئەو وڵاتە لەنێوان یەکدی دەدەن.

ئەو لێدوانەی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کاتێکدایە، هەردوو لایەنی ئەمەریکا و ڕووسیا دەیانەوێت هەنگاو بۆ وەستاندنی جەنگ بنێن لەگەڵ ئۆکرانیا کە کاریگەریی لەسەر ئابووری وڵاتانی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ئەوروپا کردووە.