کرێملین: پوتین ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ زێلێنسکی

هەر چەندە سەرکردەکانی ڕووسیا شەرعییەتی زێلێنسکی دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵام بە گوتەی پیسکۆڤ، پوتین ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ زێلێنسکی.
سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، مێدیاکانی ڕووسیا، لە زاری دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین، بڵاویان کردەوە، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکان، ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ ڤۆلۆدمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا.
ئەمە جەگە لەوەی سەرکردەکانی ڕووسیا شەرعیەتی زێلێنسکی دەخەنە ژێر پرسیارەوە، بەو پێیەی ماوەی سەرۆکایەتی زێلێنسکی لە مانگی ئایاری ڕابردوو کۆتایی هاتووە، ڕووسیاش پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەبێت هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت.
بەڵام وەک دەگوترێت دەسەڵاتەکانی زێلێنسکی بە پێی یاسای سەربازیی ئێستا لە ئۆکرانیا کارا ماوەتەوە.
کرێملین زۆرجار باس لەوە دەکات، زێلێنسکی دانوستانەکانی لەگەڵ مۆسکۆ قەدەغە کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فەرمانێک کە لە ئەیلوولی 2022 واژۆی کردووە، مۆسکۆش داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم فەرمانە دەکات.
بەڵام بە پێی مێدییەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیا، زێلێنسکی لەم دواییانە ڕایگەیاندووە کە ئامادەی گفتوگۆیە لەگەڵ ڤلادمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا.