لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران مام سابیر چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت

دوای ئەوەی کوردستان24، ڤیدیۆیەکی لەسەر دۆخی تەندروستی مام سابیر جووتیارە دیارەکەی سنووری سەرگەڕان بڵاوکردەوە، کە بەهۆی نەخۆشیەوە نەیتوانی بەشداری ناڕەزایەتییەکانی جووتیارانی گوندی شەناغە لە دژی سوپای عێراق بکات، وەزارەتی تەندروستی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران لە هەولێر چارەسەری پزیشکی بۆ دەکات.
چوارشەممە، 19ـی شوباتی 2025، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، مام سابیر، چوارساڵ پێش ئێستا بووە سیمبوڵی نیشتیمان پەرەوەری، کە لەسەر خاکەکەی ڕووبەرووی ستەم داگیرکاری بووەوە.
گوتیشی: دوو ڕۆژ لەمەوبەر کە بینیمان مام سابیر بۆ خاکەکەی دەگریێ، چونکە بەهۆی نەخۆشیەوە نەیتوانیبوو لەگەڵ جووتیارەکان بەشدار بێت، بۆیە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی کرد چی پێویست بێت بۆی بکەین.
ئاماژەی بەوەش دا، لە ساڵی 2021، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت نەشتەرگەری گەورەی بۆ کرا، کە ئەوکات دۆخی تەندروستی زۆر خراپ بوو، هەروەها هەموو خزمەتگوزارییەکی پیشکەش کرا.
دەشڵێت، پێشتر نەشتەرگەری دڵمان بۆ کردبوو کە ئەو کێشەیەی نەما، بەڵام ئێستا کێشەی لە گەرچیلەکان هەیە، لەبەر ئەوە ئێستا لەنەخۆشخانە خەوێندراوە، بۆیە هەرچی پێویست بێت لە نەشتەرگەری و چارەسەرکردن بۆی دەکەین.
سەبارەت بەنەشتەرگەریکردنی مام سابیر، وەزیری تەندروستی گوتی، جارێ بڕیار نەدراوە نەشتەرگەری بۆ بکەین، چونکە سەرەتا پێویستی بە کۆمەڵێک پشکنین هەیە کە بۆی دەکرێت، هەرچی پێویست بێت بۆی دەکەین، لەنزیکەوە جاودێری دەکەین.
سێشه‌ممه، 18ـی شوباتی 2025، مام سابیر له باره‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ی و ئاماده‌نه‌بوونی له ڕێگرییه‌كانی سوپای عێراق له جووتیارانی گوندی شه‌ناغه تایبه‌ت به كوردستان24 گوتی، گورچیله‌كانی لاواز بوونه و ماندووی كردوون، كه هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه نه‌یتوانیوه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی گوندی شه‌ناغه به‌شداریی له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركاری و ڕێگرییه‌كانی سه‌ربازانی سوپای عێراق بكات كه سته‌م له جووتیارانی شه‌ناغه و ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
مام سابیر ئاماژه به‌وه ده‌كات له ڕێگه‌ی مێدیایه‌وه ئاگاداری ڕووداوه‌كان بووه، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی له ده‌ست هاتوو به جووتیارانی شه‌ناغه بڵێت: "به قوربانتان بم." گوتیشی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق چاره‌كردنی كێشه‌ی جووتیارانی یه‌كلایی كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هه‌ر ڕۆژه و پاساو و بیانوویه‌ك بۆ جێبه‌جێكردنی یاساكه دروست ده‌كرێت.
مام سابیر هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی كوردستان24ـوه داوای له سه‌رۆك بارزانی كرد پشتیوانی‌یان بكات بۆ ده‌رچوونیان له‌م دۆخه‌ی تێیداون.
هاوكات سۆران كامه‌ران، په‌یامنێری كوردستان24 گوتی، سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندی به خانه‌واده‌ی مام سابیره‌وه كردووه و پێی ڕاگه‌یاندوون سبه‌ی چوارشه‌ممه، 19ـی شوباتی 2025 له سه‌رگه‌ڕانه‌وه بۆ هه‌ولێر ده‌یگوازنه‌وه به مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی.